ڕاگەیاندراوێك لە بەڕێوەبەرايەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانەوە

ئەمرۆ شەممە 30/12/2023 بەرێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بە بەدەسگیر کردنی تۆمەتبارێک و برێک ماددەی هۆشبەردا دەکات.

ئەمەش دەقی ڕاگەیەنراوەکەیە:

لە بەردەوامی هەوڵەکانی بەڕێوەبەرایەتیمان بۆ بەرەنگاربوونەوەو نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، لە دوو چالاکیدا تۆمەتبارێک دەستگیرکراو بڕێکی زۆر ماددەی هۆشبەریش لە جۆری حەبی کەپتاگۆن دەستی بەسەرداگیرا کە بەم شێوەی خوارەوە بوو:-

یەکەم:
تۆمەتبارێکی بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان دەستگیرکراو هاوکات بڕی زیاتر لە(١٣٦ کیلۆگرام حەبی کەپتاگۆن) دەستی بەسەردا گیرا .

  • لەشەوی ٢٩/ ٣٠ـی ١٢ـی ٢٠٢٣، دوای کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوونی بەردەوام کە زیاتر لەمانگێکی خایاند، هەروەها دوای ئاڵۆگۆڕی زانیاری لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی نەینەوا و یەکگرتنەوەی زانیاریەکان و پشتڕاستکردنەوەی، دوای وەرگرتنی بڕیاری بەرێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاساییش، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیەکەمان توانرا بازرگانێکی نێودەوڵەتی بیانی ماددە هۆشبەرەکان لەشاری هەولێر دەستگریربکرێت، لەم چاڵاکیەدا بڕی (١٣٦ کیلۆگرام) حەبی هۆشبەر لەجۆری کەپتاگۆن دەستی بەسەرداگیرا.

دووەم:
لەچالاکیەکی دیکەدا بڕی (٧٦ کیلۆگرام) حەبی کەپتاگۆن دەستی بەسەرداگیرا .

*هەروەک لەبەیاننامەی پێشووترمان لە ڕێکەوتی ٢٥ـی ١٢ـی٢٠٢٣ ئاماژەمان بەوەدابوو کە بەهۆی دەستگیرکردنی بازرگانێک لەشاری هەولێر لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیەکەمان و دوای لێکۆڵینەوەو هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ، توانرا بڕی (١٠٠کیلۆگرام) حەبی کەپتاگۆن لەپارێزگای زیقار دەستی بەسەردا بگیرێت، لە درێژەی لێکۆڵینەوەکاندا لەگەڵ هەمان تۆمەتبار توانراوە بڕی (٧٦ کیلۆگرام)ـی تریش لە هەمان ماددە دەستی بەسەردا بگیرێت و کە کۆی گشتی ماددە دەستبەسەرداگیراوەکە بوەتە (١٧٦)کیلۆگرام.

بۆ بەرچاوڕوونی زیاتر، لەم ساڵەدا لەلایەن بەرێوەبەرایەتیەکەمان چەندین بڕی تر لەم جۆرە حەبە مەترسیدارە کەنزیکەی یەک تەن و نیو دەبێت(کە بە دەنک زیاتر لە ١٠ ملیۆن دانە حەب) دەکات، توانراوە دەستی بەسەردا بگیرێت لەگەڵ ژمارەیەک بازرگانی ناوخۆیی و دەرەکی.
ئەوەی شایانی باسە، بەکارهێنانی ئەم حەبە لەلایەن ئاڵوودەبوانەوە لەهەرێمی کوردستان زۆر کەم و سنوورداربووە، دەستبەسەرداگرتنی ئەو بڕە زۆرەو لەماوەی یەک ساڵدا بەڵگەیە بۆ ئەوەی کە هەوڵی جددی هەبووە بۆ ئەوەی کە لەهەرێمیش کەسانێک فێری بازرگانی و بەکارهێنانی ئەم جۆرە حەبە مەترسیدارە بکرێت.

بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان
٣٠ـی١٢ـی ٢٠٢٣

ھەواڵی زیاتر