ئەمڕۆ یەکەم رۆژی ژماردن و جیاکردنەوەی دەستیی دەنگەکانی ئەو وێستگانە بوون کە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کێشەیان هەبوو، لە سلێمانی لە کۆی 55 وێستگە دەنگەکانی 16 وێستگە جیاکرانەوە و بەپێی ئەو سندووقانە یەکێتی نیشتمانی کوردستان سێ هەزار و 751 دەنگی هێناوە، لە دیالە 691 دەنگ، لە سەڵاحەدین 210، لە نەینەوا 167 دەنگ بوون، لە سندووقەکانی ناوەندی جیاکردنەوەی دەنگەکانیش لە هەولێر لە کۆی 17 سندووق پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک 1711 دەنگی هێناوە و لە نەینەواش 1551 دەنگی هێناوە.
لە سلێمانی لە کۆی 55 وێستگە 16یان جیاکرانەوە
جیاکردنەوەی دەستیی دەنگەکان لە سلێمانی کۆتاییهات، لەکۆی 55 وێستگە دەنگەکانی 16 وێستگە جیاکرانەوە و 37 وێستگە ماونەتەوە بۆ سبەی هەینی ک کاژێر 08:00 بەهەمان شێوە بەردەوام دەبێت.
ئەنجامەکانی ئەو 16 وێستگەیە بەمشێوەیە بووە: یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پارێزگای کەرکووک 3 هەزار و 751 دەنگی هێناوە، لە دیالە 691 دەنگ، لە سەڵاحەدین 210، لە نەینەوا 167 دەنگ. دەنگەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانیش بەمشێوەیە بووەن، لە پارێزگای کەرکووک 4 دەنگ، دیالە و سەڵاحەدین و نەینەوا هیچ دەنگێکی نەبووە، پارتی چاوی لەوەیە دەنگەکانی لەو وێستگانەی ماونەتەوە زیاد ببن، دەنگەکانی نەوەی نەوێ لەو 16 وێستگەیە 103 دەنگ بووە کە تەنیا لە کەرکووک بەدەستی هێناوە و لە سێ پارێزگاکەی دیکە بەشداری نەکردبوو، دەنگی پووچەڵیش لەو وێستگانە 642 دەنگ بوون.”
ئەمڕۆ یەک سکاڵا هەبووە و نەوەی نوێ تۆماریکردووە و تێیدا سکاڵای لەسەر ئەوەکردووە کە بۆچی دەنگەکانی دەنگدانی تایبەت هەمان رۆژ جیانەکراونەتەوە. ئەرکان عەلی، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، جیاکردنەوەی دەنگدان بە ئامادەبوونی بەشێک لە نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان و میدیا و چاودێران بووە.
ئامانج عەزیز، بەڕێوەبەی لقی سلێمانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، “لە کاژێر 08:00ـەوە ناوەندی وردبینی کراونەتەوە، ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکانی 16 وێستگە تەواو بوون و وێنەی ئەنجامەکانمان هەڵواسیون بۆ ئەوەی لایەنە سیاسییەکان بیبینن، ئەنجامەکانی ژماردنی دەستی و ئەلیکترۆنی هاوتا بوون.”
گوتیشی، “هیچ رۆژێک بۆ تەواوکردنی پڕۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان دیارینەکراوە، بۆ ئەوەی شەفافییەت زیاتر بڕەخسێت لەلایەن دوو تیمی کۆمیسیۆنەوە دوو جار ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان بە دەست دەکرێت، ئەوەش پڕۆسەکەی خاوکردووەتەوە.”
ئەرکان عەلی ئاماژەی بەوەشکرد، 21 هەزار دەنگ لەو 55 وێستگەیە هەن، بڕیارە سبەی ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکانیان تەواوبکرێت.
لە سندووقەکانی هەولێر، پارتی لە نەینەوا و کەرکووک یەکەمە
ژماردنەوە و جیاکردنەوەی دەنگەکان لە ناوەندی جیاکردنەوەی دەنگەکان لە هەولێر لەرێگەی هەشت تیمەوەیە و هەر تیمێک لە پێنج کارمەند پێکدێت، لە کۆی 35 سندووقی هێزە ئەمنییەکان، 17 سندووق یەکلایی کراونەتەوە و ئەمڕۆ ژمارەیەک سندووق تەواو دەکرێت.
لەکۆی ئەو 17 سندووقەی یەکلایی بوونەتەوە و دەنگەکان بە دەستی هەژمارکراونەتەوە لە سندووقەکانی تایبەت بە پارێزگای کەرکووک، پارتی دیموکراتی کوردستان 1711 دەنگی هەیە، یەکێتی نیشتمانی کوردستان 819 دەنگ و نەوەی نوێ 99 دەنگ، هەرچی پەیوەستە بە پارێزگای نەینەواوە پارتی دیموکراتی کوردستان 1551 دەنگی هێناوە، یەکێتی نیشتمانی کوردستان 616 دەنگی هێناوە.
پارتی چاوەڕوان دەکات کورسییەکانی لە سنووری پارێزگای نەینەوا بکاتە پێنج کورسی و یەکێتیش چاوی لەوەیە کورسییەکانی لە کەرکووک زیادبکات.
کۆی ئەو دەنگانەی لەو سندووقانە هەبوون “6 هەزار و 800 دەنگ دەبێت، لەو ژمارەیە 868 دەنگیان پووچەڵن کە 12.7% دەکات، ئەوەش بەشێکیان هەڵەیان کردووە لە دانانی مۆری قەڵەمی کۆمیسیۆن و بەشێکیشیان ئەو دەنگدەرانەن کە خۆیان کاخەزەکەیان پووچەڵکردووەتەوە.”
ژمارەیەک لیستی عەرەبی و کۆتاکانیش ژمارەیەک دەنگیان هێناوە لەنێوان 10 بۆ 20 دەنگ دەبێت و ناگاتە دەنگەکانی پارتی و یەکێتی کە یەکەم و دووەمن لەو سندووقانە.
رێژەی 40%ـی جیاکردنەوە و هەژماردنی دەنگەکان تەواو بوون
ئەمڕۆ 31 سندووقی دەنگدان لە کەرکووک بەدەستی جیاکراونەتەوە.
هاوپەیمانی کەرکووک هێز و ئیرادەمانە 1059 دەنگی هەبووە، پارتی 90 دەنگی هەبووە، هاوپەیمانی عەرەبی 512 دەنگ، بەرەی تورکمانی 169 دەنگ، کەرکووکنا 114 دەنگ، قیادە 256 دەنگ، نەوەی نوێ 44 دەنگ، هاوپەیمانی عرووبە 485 دەنگ.
ئەوەی ئاماژەمان بۆ کرد جگە لە چەند وێستگەکەی قەرەهەنجیر، زیاتر دەنگەکانی وێستگەکانی سنووری ریاز و رەشاد و حەویجەیە کە پێگەی لایەنە عەرەبییەکانی لێیە زیاتر.
کاتژمێر 06:00 پرۆسەی جیاکردنەوە و هەژمارکردنی دەنگدان کۆتایی پێدێت، دوای ئەوەی ئەو 14 وێستگەیەی دیکە کە ماون، واتە ئەمڕۆ 45 وێستگە تەواو دەبێت.
یەحیا شەمسەدین، چاودێری بەرەی تورکمانی وتی، “ئەمڕۆ لێرە بووین بۆ پڕۆسەی ژماردنەوە و جیاکردنەوەی دەنگەکان، 530 سندووق هەژمارکردنەوەیان بۆ کراوە و جیاکراونەتەوە، پڕۆسەکە بەیانیشی ماوە و سبەی تەواو دەبێت.”
وتیشی، “تێبینیمان لەبارەی سکاڵا و رێکخستنی دەنگدانەوە هەیە.”
دادوەر حوسێن عەبدولسادە، سەرپەرشتیاری هەڵبژاردنەکانی کەرکووک لەوبارەیەوە وتی، “سوپاس بۆ خوا 40%ـی کارەکان تەواو بوون و سبەی تەواو دەکرێن، لە بەیانییەوە کاردەکەن تاوەکو 06:00ـی ئێوارە و هەوڵدەدەن تەواو بکرێت.”
“بە ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگدان گۆڕانکاری روودەدات“
لە دهۆک 12 وێستگە ژمارکردن و جیاکردنەوەیان بۆ کراوە، دەنگی یەکێتی و پارتی لەو دوو وێستگەیە زیادیان کردووە، لەو وێستگانە پارتی 2343 دەنگی بەدەستهێناوە، یەکێتی 699 دەنگی بەدەستهێناوە، کارەکان بەردەوامن، کار لەسەر وێستگەی دیکەش دەکرێت و ئەگەری هەیە تاوەکو کاژێر 20:00 بەردەوام بن.
خالید عەباس، سەرۆکی لقی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن وتی، “ژماردنەوە و جیاکردنەوەی دەنگەکان بەردەوامن و ئەمشەو شەش وێستگەی دیکەش تەواو دەبێت کە کۆی دەنگەکان ئەوانەی ئەمڕۆ جیاکراونەتەوە 18 وێستگە و سبەی ئەو وێستگانەی دیکە ماون کە 10 وێستگەن تەواو دەکرێن، هەمووی ئەو 28 وێستگەکە دەنگدانی تایبەتن.”
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، تیمەکانیان دوو جار وردبینی بۆ ژمارەکان و شریتی راپۆرتی ئەنجامەکان دەکەن و ئەنجامەکان دەنێرن بۆ بەغدا و پێویستە لە ماوەی 10 رۆژ لە راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی دەنگدان رابگەیێندرێت.
سەبارەت بەوەی ئایا ئەو رێژەیەی کە ماوە ژماردن و جیاکردنەوەی دەستیی دەنگەکانی بۆ بکرێت، وتی، “گۆڕین بەپێی دەنگدانی تایبەت روودەدات، هەرچەندە ئەوە لەسەر رکابەرایەتی نێوان لایەنەکان دەوەستێت.”
ژێدەر
رووداو