گوتاری مەسرور بارزانی لە کۆنگرەی نۆیەمی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان

گوتاری مەسرور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی بۆ کۆنگرەی نۆیەمی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

بەڕێزان ئەندامانی کۆنگرەی نۆیەمی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان :

میوانانی بەڕێز :

بە بۆنەی بەستنی کۆنگرەی نۆیەمی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان ، گەرمترین پیرۆزباییتان لێ دەکەم و هیوای سەرکەوتن بۆ کۆنگرەکەتان دەخوازم. ئومێدەوارم بڕیار و ڕاسپاردەکانی کۆنگرەکەتان ، ببێتە مایەی زیاتر بەرەوپێشچوونی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان و خزمەتکردنی گەلەکەمان.

یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، مێژوویەکی پڕ لە سەروەری و شانازی هەیە . لە قۆناخە جیاوازەکانی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان، یەکێتیی ئافرەتان و ئافرەتانی کوردستان بە گشتی، هەمیشە پشتیوانێکی بەهێزی پێشمەرگەی کوردستان بوون و لە ڕیزی پێشەوەی بەرگریگردن بوون لە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان .
ڕێز و پێزانینێکی زۆرم بۆ هەموو ئافرەتە تێکۆشەرەکانی کوردستان و بەتایبەتی سەرکردە خەباتکارەکانی پێشوو و ئێستای یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان هەیە و خەبات و تێکۆشانیان لە پێناو مافەکانی ئافرەتانی کوردستان بەرز دەنرخێنین.

لە مێژووی گەلی کوردستاندا، ئافرەتان هەمیشە و بەردەوام ،ڕۆڵێکی گرنگ و پێشەنگیان هەبووە. بۆ نموونە لە ڕاپەڕین و شۆڕشەکانی گەلی کوردستان، ئافرەتان، نموونەیەکی دیاری ئازایەتیی و نیشتمانپەروەری و قوربانیدان بوون و شانبەشانی برا و باوک و ئەندامانی دیکەی خێزانەکانیان، لە سەنگەری پێشەوەی خزمەتکردن و گیان بەختکردن و پارێزگاریکردن بوون لە خاک و نیشتمان.
لە دوای ڕاپەڕینی 1991 ، ئافرەتانی کوردستان، رۆڵێکی کارایان لە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستاندا هەبووە و هەیە و توانیویانە بە لێهاتوویی خۆیانەوە ڕۆڵی کاریگەری خۆیان لە کایە جۆراوجۆرەکاندا بسەلمێنن.   
ئەمڕۆ بەرزبوونەوەی ئاست و ڕێژەی بەشداریی ئافرەتانی کوردستان له‌ بەڕێوەبردن و حوکمڕانیدا، ئاماژەیەکی روونە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ، ئامانجی باشترکردنی دۆخی ئافرەتان و بەهێزترکردنی پێگەیانە لە کۆمەڵگەدا.لێرەدا جێی خۆیەتی هەر بۆ نموونە ئاماژە بەوە بدەین کە لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، ڕێژەی بەشداری ئافرەتان لە پلە باڵاکانی حکومەتدا، بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
هیوادارم یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان ، لەم کۆنگرەیەدا ، هەڵسەنگاندنێکی باش و بابەتیانە بۆ کارو چالاکییەکانی لە ماوەی ڕابردوودا بکات و سەرەنجام نەخشەڕێگە و پلان و بەرنامەی تۆکمە بۆ قۆناخی داهاتوو دابڕێژێت بۆ زیاتر بەرەوپێشبردن و پێشخستنی خەباتی ڕێکخراوەیی خۆی و بەدیهێنانی ئامانجەکانی لە پێناو زیاتر خزمەتکردنی ئافرەتانی کوردستان بە سوود وەرگرتن لە پێشکەوتنی خێرای تەکنەلۆژیا لەم سەردەمەدا.
داواکارم یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان ، ڕۆڵی پێشەنگی خۆیان بگێڕن بۆ پێگەیاندنی نەوەیەکی نیشتمانپەروەر و ئاشتیخواز و ژینگەپارێز و کارامە بۆ پاراستنی ئەزموون و دەسکەوتەکانمان و پێشخستنی زیاتری وڵاتەکەمان
پێش ئەوەی كۆتایی بە وتارەكەم بێنم، دەمەوێ جارێكی تر سوپاسی سكرتێری یەكێتیی ئافرەتان د. ڤیان و هەموو سكرتێر و سەركردایەتییەكانی پێشووتری یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان بكەم و پێتان بڵێین كە ئێمە ڕێز و پێزانینێكی زۆرمان بۆ خەبات و تێكۆشانی ئێوە هەبووە، هەروەها داوای بەردەوامبوون و سەركەوتن بۆ هەموو ئەندامان و لایەنگرانی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان هەیە، هیوادارم لە كۆتایی ئەم كۆنگرەیە، سەركردایەتییەكی پتەو، زیرەك، خەباتكەر و تێكۆشەر هەڵبژێرن بۆ ئەوەی بتوانن بەردەوامیی بەم ڕێگە پیرۆزە بدەن و لە ئاستی داخوازییەكانی ئافرەتانی كوردستان بن.
جارێكی تر سوپاستان دەكەم، هیوای سەركەوتن بۆ كۆنگرەكەتان دەخوازم، هیوادارم هەمیشە لە گەشەكردن و پێشكەوتندا بن. ئێوە هەر سەلامەت و سەركەوتوو بن، كوردستانیشمان هەر ئاوەدان بێت.

ھەواڵی زیاتر