لە 19 بنکەی شاری هەولێر دەنگدانی تایبەت دەستی پێکرد
لە سنووری پارێزگای هەولێر 19 بنکەی دەنگدان هەیە کە دابەشکراوە بەسەر49 وێستگە، بۆ ئاوارەکانی مووسڵ و ئێزدییەکان و هێزە چەکدار و ئەمنییەکانی عێراق کە لە هەولێر مافی دەنگدانیان هەیە.
چەتۆ حەسەن، بەرپرسی یەکێک لە بنکەکانی دەنگدانە لە هەولێر ڕایگەیاند:
“لە پرۆسەی دەنگدان ئامێری زۆر بەکاردەهینرێت، بۆیە رەنگە پرۆسەکە هەندێک بە سستی بەڕێوەبچێت، بۆ هەر دەنگدەرێک دوو بۆ سێ خولەکی پێویستە، ئەگەر پاڵەپەستۆ نەخرێتە سەرمان هەمووی دەتوانێت دەنگی خۆی بدات بەبێ هیچ کێشەیەک”.
ئەوەشی خستەڕوو، یەک پێنوسی مۆر کە هی کۆمسیۆنە بەکاردەهێنرێت و بەو پێنووسە دەنگی خۆیان دەدەن، ئامێرەکان هەموویان تاقیکراونەتەوە تائێستا هیچ کێشەیەکیان نییە، لە کاتژمێر شەشی بەیانیش هەموو کامێراکانی چاودێری خراونەتەکار و لەژێر چاودێری کۆمسیۆندان تاکو کۆتایی پڕۆسەکە و کۆکردنەوەی ئامێرەکان.
روونیکردەوە، پێویستە ئەو دەنگدەرانە کارتی بایۆمەتری لەگەڵ بەڵگەنامەیەکی پێبێت، بۆ ئەوەی بسەلمێنرێت کە ئەو دەنگدەرە خۆیەتی.