کاتژمێر شەشی بەیانی ئەمڕۆ، ھەڵمەتی بانگەشە بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق کۆتاییھات و سبەی شەممە دەنگدانی تایبەت دەستپێدەکات.
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بڵاویکردەوە، لە کاتژمێر شەشی بەیانی رۆژی ھەینییەوە بانگەشە بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان کۆتایی ھاتووە و ھەر کاندیدێک یاخو لایەنێک لە بانگەشە بەردەوام بێت، روبەڕووی سزا و رێکاری یاسایی دەبێتەوە.
بڕیاریشە سبەی لە کاتژمێر حەوتی بەیانییەوە تا شەشی ئێوارە دەنگدانی تایبەت بۆ ئاوارە و ھێزە ئەمنییەکان دەستپێبکات.
ئۆفیسی سلێمانی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراقیش رایگەیاندووە، رۆژی شەممە نزیکەی ٢٧ ھەزار ئاوارە و ھێزی تایبەت لە سنوری سلێمانی دەنگدەدەن و تەواوی ئامادەکارییەکانیان کردووە. وتیشی ٢٠ بنکەیان لە سلێمانی و چەمچەماڵ و گەرمیان ئامادەکردووە.