ئەمرۆ پێنجشەممە 14/12/2023 وەزارەتی دارایی و ئابوریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رونکردنەوەیەکی سەبارەت بە داهاتی باج بڵاوکردەوە.
ئەمەش دەقی ڕونکردنەوەکە:
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی ڕابردوودا، بە هەماهەنگیی حکومەتی فیدراڵیی عێراق و لە ڕێگەی لیژنەی دیوانی چاودێریی دارایی، هەموو داتا و ژمارە ڕاستەقینەکانی داهات و باجی ناوخۆی ئاشکرا کردووە و ئەو پرسە کۆتایی هاتووە.
بەڵام بەداخەوە لە ڕێكەوتنی 12ی 12ی 2023، بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی باجەكان و خانووبەرەی میری، بۆ یەكێك لە میدیاكان گوتویەتی «گوایە 800 ملیار دینار داهاتی باج كۆ كراوەتەوە، بەڵام تەنیا 220 ملیار دینار بۆ حكومەتی فیدراڵی خراوەتە ڕوو». ئەمە درۆیەكی شاخدارە و ناپاكییەكی گەورەیە لە خەڵك و حكومەتی هەرێمی كوردستان.
ناوبراو خۆی کێشەی یاسایی هەبووە و لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە کەیسەکەی ڕەوانەی دادگای لێکۆڵینەوەی دەستپاکیی هەولێر بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی کراوە.
لە بەرنامەی کارنامەی كابینەی نۆیەم، ئەنجامدانی چاكسازی و شەفافییەت بووە لە سێكتەری باجدا، لەم چاكسازییانەشدا پشكی شێر بەر كۆمپانیا گەورەكان كەوتووە و هەموو ژمارەکانیش بە ڕوونی خراونەتە بەرچاو.
وروژاندنی ئەم بابەتە لەم كاتە هەستیارەدا و بەلاڕێدابردن و چەواشەكردنی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی، ئامانجێکی خراپی هەیە و دەیەوێت زیان بە پرسی ڕوونی و شەفافییەت بگەیەنێت و هەماهەنگییە داراییەکانی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی لە زیانی خەڵکدا بەرەو خراپی بڕۆن. بەم هۆیەوە بە مافی خۆمانی دەزانین ڕێكاری یاسایی توند لە دژی پڕوپاگەندەکار بگرینە بەر.
یەکێک لە بنەماکانی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بریتی بووە لە چاکسازی لە بواری باج، لەم ڕووەوەش زۆرترین چاکسازی لە بواری باجدا کراوە و بە شێوەیەکی ڕوون و شەفاف مامەڵەی لەگەڵدا کراوە.
وەزارەتی دارایی و ئابووری