181 کورد لە ئێران لەسێدارە دەدرێن
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ڕاپۆرتی نوێی خۆی سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤی کورد لە ئێران بڵاوکردەوە.
ڕاپۆرتەکەی ئەو ڕێکخراوەیە کە 31 لاپەڕەیە، بە زمانی ئینگلیزی لە چەندین بەشی جیاواز پێکهاتووە و ڕووداوەکانی نێوان 1ی مانگی یەکی ئەمساڵ تا 30 مانگی یازدەی ئەمساڵ دەگرێتەوە.
ڕاپۆرتەکەی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ئامار و تۆژینەوە نوێکراوەکان سەبارەت بە دۆخی مافەکانی مرۆڤی کورد لە شار و پارێزگا کوردستانییەکان و ئەو شوێنانەی دیکە کە کوردیان تێدا دەژیت، لەخۆ دەگرێت و ڕاپۆرتەکەش بە مەبەستی ڕاکێشانی سەرنجی نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤی ئێران، ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ، میدیاکان، حکوومەتەکان و ڕای گشتی ئامادەکراوە بۆ ئەوەی ئاوڕ لە دۆخی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ بەرامبەر بە کوردەکان بدرێتەوە.
میتۆدۆلۆژی ڕاپۆرتەکە یان شێوازی لێکۆڵینەوەکانی ڕاپۆرتەکە:
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی ئەو ڕێکخراوەی مافەکانی مرۆڤ، دەستەڵاتدارانی ئێران لە دابینکردنی زانیاری ورد سەبارەت بە لەسێدارەدانەکان، کوژرانەکان لە ئاکامی تەقینەوەی مینەکان لە سەر سنوور و کوژرانی کۆلبەران و چەند بابەتێکی دیکە کە بە تایبەتی پەیوەندییان بە کەمایەتییە نەتەوەیی و ئایینییەکانەوە هەیە، خۆیان پاراستووە.
ئەم ڕاپۆرتە باس لەوە دەکات کە بۆ نمونە حکوومەت 86%ی لەسێدارەدانەکانی ئەم دواییانەی ڕانەگەیاندووە و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ئەو ڕێکخراوە لە ڕێگەی شێوازی جۆراوجۆرەوە ناچار بووە زانیارییەکانی خۆی بەدەست بهێنێت، وەک چاوپێکەوتن لەگەڵ کەس وکاری قوربانییەکان و پارێزەرەکانیان، یان پەیوەندیکردن و وەرگرتنی زانیاری لە دامەزراوە و ڕێکخراوەکان، تۆڕ و گرووپە ناوخۆییەکان، سەرچاوەکانی ناو دەسەڵات و دامەزراوەکانی حکوومەت، و چاودێریکردنی لێدوانە فەرمییەکانی حکوومەت، یان وەرگرتنی زانیاری لە دەزگا هەواڵییە نافەرمییەکانەوە.
خۆپیشاندانەکانی دوای کوژرانی ژینا ئەمینی:
لەم بەشەی ڕاپۆرتەکەدا ئەو ڕێکخراوەیە ئامارە نوێکراوەکان سەبارەت بە ژمارەی کوژراوان و برینداربوان و دەستگیرکراوەکانی کورد له دوای کوژرانی ژینا ئەمینیەوە لە پارێزگاکانی کوردستان، ئیلام، کرماشان و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا دەخاتەڕوو.
کوژراوەکان:
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان لە ڕاپۆرتەکەیدا بڵاویکردووەتەوە کە بە پشتبەستن بە پەیوەندییەکان و لێکۆڵینەوە مەیدانییەکانی خۆی توانیویەتی لانیکەم کوژرانی 148 خۆپیشاندەری کورد پشتڕاستبکاتەوە کە لە نێو ئەو کوژراوانەدا، 11کەسیان ژن بوون و 17کەسی دیکەشیان لە خوار تەمەنی 18 ساڵەوە بوون.
ڕاپۆرتەکە هەروەها باس لەوە دەکات کە لە ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئێران لە ماوەی 1ی مانگی یەکی ئەمساڵ تا 30 مانگی یازدەی ئەمساڵ لانیکەم 497 خۆپیشاندەر لە ئاستی ئێراندا کوژراون کە 447 کەسیان، جەوان و پیاو بوون و 45 کەسی دیکەشیان ژن بوون.
بە گوێرەی زانیاری ئەو ڕێکخراوەیە ، زیاتر لە 60%ی سەرکوتکردنەکان کە پلان بۆداڕێژراوبوون ، کوردەکان و بەلووچەکانی کردووەتە ئامانج و ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەوان تەنیا 20%ی کۆی دانیشتووانی 82 میلیۆنی ئێران پێک دەهێنن.
بریندارەکان:
لەم بەشەی ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دەکرێت کە لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی دوای کوژرانی ژینا ئەمینی، زیاتر لە 9 هەزار خۆپیشاندەر لە کوردستانی ئێران بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە سەختی بریندار بوون، هەروەها ژمارەی بریندارەکانیش لە سەرانسەری وڵاتدا گەیشتووەتە 112هەزار کەس.
کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ، ناوی 199خۆپیشاندەری کورد ئاشکرا دەکات کە 9 کەسیان ژنن و بە سەختی بریندار بوون. هەروەها لە کۆی 80خۆپیشاندەر کە بەهۆی تەقەکردن لە مەودای نزیکەوە نابینا بوون، ناوی 37 کەسیان لەلایەن ئەو ڕێکخراوەیەوە دەستنیشان کراون و ناوەکەیان پشتڕاستکراوەتەوە.
دەستگیرکراوەکان:
ڕاپۆرتەکە لەم بەشەدا دەڵێت کە لەو ماوە ئاماژە پێکراوەدا ناوی 2096 خۆپێشاندەری کورد کە لە پارێزگاکانی کوردستان، ئازەربایجانی ڕۆژاوا، کرماشان و ئیلامدا دەستبەسەر کراون، لەلایەن ئەو ڕێکخراوەیەوە دەستنیشان کراوە و دەڵێت لانیکەم 335 کەسیان ژن بوون.
لە نێوان 1ی مانگی یەکی ئەمساڵ تا 30 مانگی یازدەی ئەمساڵ، 1160هاووڵاتی کورد کە 123کەسیان ژن و 39 کەسیان رێبەری ئایینی بوون، دەستبەسەر کراون و لەو ژمارەیەش 250 کەسیان بە زیندانی درێژخایەن سزا دراون.
لەسێدارەدانەکان:
به پێی ئەو ڕاپۆرتە، له هەمان ماوەدا 727 بەندکراو له سێداره دراون که 19لەو سێدراەدراوانە، ژن بوون . هەروەها لەو ژمارەیە لانیکەم 181 کەسیان کورد بوون کە دوو ژنیشی تێدا بووە و هەروەها 146کەسیان بەلووچ بوون کە 4 یان ژنی بەلووچ بوون.
ئەو ڕێکخراوەی مافەکانی مرۆڤ پێی وایە هەرکات کۆماری ئیسلامی ئێران ڕووبەڕووی قەیرانی نێوخۆیی و دەرەکی دەبێتەوە، ژمارەی لەسێدارەدانەکانی لە نێو کەمایەتییە نەتەوەییەکاندا بەرز دەبێتەوە.
کۆڵبەران:
ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان هەروەها سەبارەت بە کۆڵبەران نووسیوێتی لە نێوان 1ی مانگی یەکی ئەمساڵ تا 30 مانگی یازدەی ئەمساڵ، 48 کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی پاسەوانی سنور کوژراون هەروەها 239 کۆڵبەری دیکەش یان بە هۆی تەقینەوەی مینەکانەوە یان بە تەقەی ئەو هێزانە لە سنووری ناوچە کوردستانییەکان بریندار بوون.