میدیای ئیسرائیلی: تائێستا پێنج هەزار سەرباز برینداربوونە
بە گوێرەی رۆژنامەیەکی ئیسرائیلی، لە دەستپێکی جەنگی غەززەوە تائێستا، 5 هەزار سەربازی ئیسرائیلی برینداربوونە، لەو ژمارەیە 2 هەزار سەرباز ئەندامێکی جەستە (زۆربەیان دەست و قاچ)یان لەدەستداوە. 12٪یان برینی ناوەکییان هەیە و 7٪یان کێشەی دەروونییان هەیە.
رۆژی شەممە، 9-12-2023، رۆژنامەی یەدیۆس ئەهرۆنۆسی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە لە 7-10-2023ـەوە زیاتر لە 5 هەزار سەربازی ئیسرائیلی برینداربوونە و 2 هەزار سەرباز لەو ژمارەیە لەلایەن وەزارەتی بەرگرییەوە بە “نیڤشکان” تۆمارکراون.
لیمۆر لوریا، جێگری بەڕێوەبەری گشتی و سەرۆکی بەشی چاکسازیی وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، “هەرگیز شتی وامان نەبینیوە زیاتر لە ٪58ی بریندارەکان لە دەست و قاچیان دووچاری برینی سەخت هاتوون و بەشێکیان پێویستیان بە بڕینەوە بووە”.
لوریا هەروەها رایگەیاند، “٪12ی بریندارەکان دووچاری برینی ناوەکی هاتوون وەک سپڵ، گورچیلە و پچڕانی ئەندامەکانی ناوەوە. نزیکەی 7٪ بەدەست ناڕەحەتیی دەروونییەوە دەناڵێنن، ئەمەش ژمارەیەکە کە دەزانین بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە”.
رۆژی شەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی “تۆفانی ئەقسا”ـی دژ بە ئیسرائیل راگەیاند. ئیسرائیلیش لە بەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی “شمشێری ئاسنینی”ـی راگەیاند و دەستی بە بۆردوومان و تۆپبارانی غەززە کرد.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند لە دەستپێکی شەڕەوە 420 سەربازیان کوژراوە. تەندروستیی غەززەش دەڵێت لەماوەی زیاتر لە دوو مانگی شەڕدا 17 هەزار و 487 کەس لەو ناوچەیەی فەلەستین کوژراون کە زۆربەیان ژن و منداڵن و زیاتر لە 46 هەزار و 480 کەس برینداربوونە. لە ئیسرائیلیش، هەروەک میدیای وڵاتەکە باسیدەکات، هەزار و 200 کەس کوژراون کە زۆربەیان خەڵکی سڤیلن.
ژێدەر
رووداو