لێدوانی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی دابەشکردنی مووچە

رۆژی پێنجشەممە 07-12-2023 ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی لە شاری کەرکووک رایگەیاند، “رێکارەکانی ناردنی 700 ملیار دینارەکە تەواو بووە و بەمنزیکانە دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت”.

لەبارەی مووچەی سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵیش، ئومێد سەباح گوتی، “مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان نامەیەکی فەرمی بۆ محەممەد شیاع سوودانی ناردووە و ئەو بابەتەش ئێستا بووەتە بابەتێکی ستراتیژی و گرنگ و خاڵی یەکەمی گفتوگۆکانمانە”.

لەبارەی گفتوگۆکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، گوتی، “گفتوگۆکانمان لەگەڵ بەغدا گفتوگۆی گشتگیرن لەسەر بودجە، نەوت و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و بەرەو ئاراستەی باش دەڕۆن و لەگەڵ ئەم حکومەتە دەرگای باش بۆ گفتوگۆکردن کراوەتەوە و بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیک بگەڕێنەوە بەغدا بۆ باسکردنی ئەو مەلەفانەی کە هەیە”.

ھەواڵی زیاتر