دەیان کارگێڕ و ئەندامی کاکەیی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە رێوڕەسمێکدا پەیوەندییان بە ریزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کرد.
بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 03-12-2023، کەمال کەرکووکی، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک – گەرمیانی پارتی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا خۆشحاڵی خۆی بە پەیوەندیکردنی ئەو ژمارە زۆرەی ئەندام و کارگێڕی مەڵبەندی یەکێتی بە ریزەکانی پارتی دەربڕی و جەختی کردەوە، “بەردەوام دەبن لەگەڵمان، پێکەوە کاردەکەین و هەموو پشتیوانییەکیان بۆ دەردەبڕین”.
کەرکووکی ئاماژەی بەوەش کرد، “لەگەڵ ئەم لایەنەگرە نوێیانە و لایەنگرانی دیکەی پارتی، هەوڵدەدەین لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک سەرکەوتنێکی گەورە بەدەستبهێنین. چاومان لە دەنگی کوردە لە کەرکووک و لە ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان”.
لەلایەن خۆیەوە، قاسم سەید موبارەک، کارگێڕی پێشووی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتی رایگەیاند، “ئەوەی کردوومانە گواستنەوەی سەنگەرە لە شوێنێک بۆ شوێنێکی دیکە. باوەڕمان بە ڕێبازی بارزانی هەیە لەبەر ئەوە پەیوەندیمان بە ریزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کردووە.”