حەماس ئازادکردنی بارمتەکانی راگرت

ئازادکردن و ئاڵۆگۆڕکردنی کۆمەڵەی دووەمی بارمتە ئیسرائیلییەکان و بەندکراوە فەلەستینییەکان دواکەوت. حەماس دەڵێت، هۆکاری دواکەوتنەکە، پابەندنەبوونی ئیسرائیلە بە رێککەوتنەکە.

بڕیار بوو ئەمڕۆ دوای کاژێر 5:00ـی ئێوارە بە کاتی هەولێر، حەماس 14 بارمتەی دیکەی ئیسرائیلی ئازاد بکات لە بەرامبەر ئەوەشدا ئیسرائیل 42 بەندکراوی فەلەستینی ئازاد بکات، بەڵام دواکەوت.

سەرچاوەیەکی حەماس بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، دەستیانکردووە بە گواستنەوەی بارمتەکان و رادەستکردنیان بە خاچی سوور تاوەکو رادەستی ئیسرائیل بکرێنەوە.

کەتائیبی قەسام، باڵی سەربازیی حەماسە لە راگەیەنراوێکدا هۆکاری دواکەوتنی ئازادکردنەکەی گەڕاندەوە بۆ “پابەندنەبوون”ـی ئیسرائیل بە رێککەوتنەکە و رێگەنەدان بە رۆیشتنی بارهەڵگری یارمەتیی مرۆیی بۆ باکووری کەرتی غەززە، کە بەهۆی بۆردوومانی وێرانکەری ئیسرائیلەوە، خەڵکەکەی لە دۆخێکی پەرێشاندا دەژین.

ئەمڕۆ شەممە، دووەم رۆژی ئاگربەستی چوار رۆژەی نێوان ئیسرائیل و حەماسە کە دوای 7 هەفتە لە شەڕ راگەیەنرا.

لە رۆژی یەکەمی ئاگربەستەکەدا، 13 ئیسرائیلی،  10 کرێکاری تایلاندی و یەکێکی فلیپینی لە لایەن حەماسەوە ئازاد کران، ئیسرائیلیش 39 ژن و منداڵی بەندکراوی فەلەستینیی ئازادکرد.

ھەواڵی زیاتر