بەگوێرەی بڵاوکراوەیەکی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، لەسەرەتای ئەم ساڵەوە 45 پرۆژەی خزمەتگوزاری لە سۆران جێبەجێ كراون.
ئەمرۆ سێشەممە 21/11/2023 وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لە سەرەتای ساڵی 2023 تا ئێستا لە چوارچێوەی پلانی شارەوانی لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی سۆران، نزیكەی 45 پرۆژەی جۆراوجۆری خزمەتگوزاریی قیرتاوكردن و دروستكردنی ئاوەڕۆی لوولەیی و كۆنكرێت و نۆژەنكردنەوەی شەقام جێبەجێ كراون.
سەرۆكی شارەوانیی سۆرانیش دەڵێت: پرۆژەكان كاریگەرییان لەسەر بەرزكردنەوەی ئاستی خزمەتگوزاری و بووژانەوەی شاری سۆران هەبووە.
سەرۆكی شارەوانیی سۆران سەبارەت بە پرۆژەكان دەڵێت: پرۆژەكان جۆراوجۆرن، وەك دروستكردنی شەقام و ئاوەڕۆی لوولەیی و كۆنكرێتكردن و نۆژەنكردنەوەی شەقام و دروستكردنی پارك و چەند بوارێكی دیكەش دەگرنەوە.
گوتیشی: پرۆژەكان بریتین لە، پرۆژەی دروستکردنی چەند شەقامێک لە گەڕەکەکانی هەرێم و دیلمان و هەندرێن و گوندی دێلزیان و بادلیان و شەقامە ناوخۆییەکانی گەڕەکی ڕاپەڕین و جوندیان و وەستا ڕەجەب و چەند شەقامێکیش لە گەڕەکی بەختیاری و بەرخودان و برایەتی و چەمی ڕێزان.
سەرۆكی شارەوانیی سۆران ئاماژەی بەوەشدا: پرۆژەكان بە سەرپەرشتیی تیمەكانی شارەوانی جێبەجێ كراون و لە داهاتووشدا پرۆژەی ترمان بۆ زیاتر خزمەتكردنی شاری سۆران دەبێت.
سەربارەت بە پرۆژەكانی ئەمساڵ گوتیشی: هەر لەم ساڵدا پرۆژەی دروستکردنی ئاوەڕۆی لوولەیی و قیڕتاوکردن لە گەڕەکی کانی و جووتسایدی دێلزیان و پڕۆژەی چاککردنەوەی ناو بازاڕی دیانای کۆن و پاركێک لە گەڕەکی برایەتی جێبەجێ كراون.
سەرۆكی شارەوانیی سۆران ڕاشیگەیاند: جگە لەو پرۆژانە هاوكات پرۆژەی شەقامە ناوخۆییەکانی گەڕەکی کۆڕەک و شەقامی 40م لە هۆلی بۆنەكانی گەڕەكی كۆڕەك تا دێلزیان و دووسایدی پیشەسازی – دێلزیان و ئاوەڕۆی سندووقی لە گەڕەکی نەورۆز و جووتسایدی شەقامی سەرەکی سۆران – هەولێر و دانانی کربستۆن لە فولکەی ئیسقەڵا و كۆنكرێتكردنى چەند شەقامێک لە گەڕەکی ٢٦ی گوڵان و نۆژەنکردنەوە و قیرتاوکردنی شەقامی سناعە و کۆنکرێتکردنی جۆگەی کراوە لە گەڕەکی نەهری و دروستکردنی شەقامە ناوخۆییەکانی گەڕەکی ئازادی و سەروچاوە و ناو بازار و جووتسایدی سۆران – ڕواندز و چەند شەقامێک لە گوندی ناوکۆک و ئاوەرۆی سندووقی لە دیانای کۆن و ئاوەڕۆی لوولەیی لە گەڕەکی ٢٦ گوڵان و شەقامەکانی گوندی گوان و شەقامە ناوخۆییەکانی گەڕەکی ئازادی و ئاوەڕۆی لوولەیی لە گەڕەکی ئەیلوول و ئاوەرۆی سندووقی لە گەڕەکی برایەتی و چەمی ڕێزان و ئاوەڕۆی لوولەیی لە گەڕەکی برادۆست و چەند شوێنێكی تر لە سنووری سەرۆكایەتیی سۆران جێبەجێ كراون.