گوتەبێژی حکومەت کاتی ناردنی پارە لە بەغداوە بۆ هەولێر ئاشکرا دەکات

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، چاوەڕاون دەکرێت 700 ملیار دینارەکە کۆتایی ئەم هەفتەیە یان ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو بخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ دووشەممە، 20-11-2023، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە چوارەمین کۆڕبەندی (مێپس 2023)، بە کوردستان24ـی راگەیاند: “حکومەتی هەرێمی کوردستان نووسراوی فەرمی کردووە بۆ ئەوەی بەشی سێیەمی 700 ملیاری مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە بنێردرێت. داوای تەرازووی پێداچوونەوەیان کردبوو، ئەمڕۆ تەرازووی پێداچوونەوەیان بۆ نێردراوە”.

ئاماژەی بەوەش کرد: “ئەوەی لەسەر شانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە بۆ دابینکردنی مووچە و ناردنی 700 ملیارەکە، جێبەجێی کردووە، بۆیە بەپێی وادە دەبێت تا کۆتایی ئەم هەفتەیە یان ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو 700 ملیارەکە بخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان”.

گوتیشی: “پەیوەندیی بەردەوام لەنێوان سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق هەیە بۆ ناردنی مووچەی سێ مانگی دیکە (مانگەکانی 10، 11 و 12)ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و بەدوای رێگەیەک دەگەڕێن بۆ ئەوەی مافەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان پێشێل نەکرێن و لێکتێگەییشتنی باش لەنێوان هەردوولا هەیە”.

پێشەوا هەورامانی روونیشیکردەوە: “لەسەرەتای ساڵی داهاتوو ئێمە بەدوای ئەوە ناگەڕێین مووچەی مانگ و دوو مانگمان بۆ بنێرن، دەمانەوێت چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ ئەم کێشەیە بدۆزرێتەوە و کۆتایی پێ بهێندرێت؛ نەک مانگانە دوو سێ جار شاند بچێت تاوەکو مووچەی مانگێک بنێرن”.

ھەواڵی زیاتر