موستەفا كازمی لە ئەمریكایە
موستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق گەیشتە واشنتنی پایتەختی ئەمریکا و چاوەڕان دەكرێت سبەی پێنجشەممە 2020/8/20 لەگەڵ دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا، لە كۆشكی سپی كۆببێتەوە.
بەپێی راگەیەندراوێكی نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق، موستەفا كازمی لەگەڵ شاندی یاوەری گەیشتنە ئەمریكا.
دوێنێ سێشەممە 2020/8/18 موستەفا كازمی، بە سەرۆكایەتی شاندێكی باڵا لە بەغدای پایتەختی عێراقەوە بەرەو واشنتۆن بەرێكەوت.
نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق رایگەیاندبوو كە بڕیارە سبەی پێنجشەممە 2020/8/20، موستەفا كازمی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە كۆشكی سپی كۆدەبێتەوە و سەبارەت بە پتەوتركردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكانی نێوان بەغدا و واشنتن، دوایین پێشهاتەكانی ناوچەكە و پرسی پەیوەندیدار بە هەردوولا گفتوگۆ دەكەن.
لە سەردانەکەی کازمیدا چەند کار بە دەستێکی کوردیش یاوەری شاندەکەی دەکەن، لەوان: فوئاد حوسێن، وەسیری دەرەوەی عێراق، فەوزی ھەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، عەمید ھەژار عومەر، بەرپرسی ھاوئاھەنگی و پەیوەندییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و لاوک ئەحمەد، بەرپرسی نووسینگەی مستەفا سەید قادر.