دادگای فیدراڵی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی هەرێم کۆدەبێتەوە
دادگای فیدراڵی عێراق، ئەمڕۆ لەبارەی بڕیاردان لەسەر سكاڵاكەی یەكێتیی نیشتمانی سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان کۆدەبێتەوە.
یەكێتی لەرێگەی (زیاد جەبار) سەرۆكی فراكسیۆنەكەی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان سكاڵای لەسەر ماددەكانی (1-9-15-22-36)ی یاسای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان تۆماركردووە، لەرێگەی ئەم سكاڵایەوە دەیەوێت بۆ هەڵبژاردنی 25ی شوباتی داهاتووی كوردستان، كار بە یاسای ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستانی عێراق بكرێت كە ساڵی 1992 لەلایەن بەرەی كوردستانییەوە دەركراوە.
ئەگەر دادگا سكاڵاكەی یەكێتیی پەسەند بكات، بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتمانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەدەچێت، ئەمەش بەواتای ئەوە دێت دادوەرەكان دەبێت سەرپەرشتی پرۆسەی هەڵبژاردن بكەن لەبری كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق، هەروەها (11) كورسی “كۆتا”ی پێكهاتەكان هەڵدەوەشێتەوەو تەنیا (5) كورسی “كۆتا” بۆ مەسیحییەكان دەمێنێتەوە
بەپێی یاسای ئەنجومەنی نیشتمانی، شێوازی هەڵبژاردنی كوردستان لە یەك بازنەییەوە دەگۆڕێت بۆ چەند ناوچەیەكی هەڵبژاردن.