کەشناسێک پێشبینی بارینی بەفر لەسەنتەری حاجی ئۆمەران ناوچە شاخاویەکانی کوردستان دەکات.
ئاراس جەبار،شارەزای بواری كەشناسی رایگەیاند: لە نیوەرۆی سبەی یەكشەمەوە 19/11/2023 لەئەنجامی نزیكبوونەوەی كاریگەری نزمەپاڵەپەستۆكەی دەریای ناوەراست، لەكاتەكانی ئێوارەدا كاریگەری سەرەتایی شەپۆلەكە لەسەر ناوچەكانمان دەستپێدەكات بەشێوەی بارانی مامناوەند و لەكاتەكانی شەودا چالاكتر ئەبێت بۆ بارانی بەردەوام و بەخوڕ لەگەڵ ڕوودانی ھەورە بروسكە لە زۆربەی ناوچەكاندا.
ئاشکراشی کرد، رۆژی دووشەمە 20/11/2023 چەقی بەھێزی چڕی بارانەكە ئەبێت لەسەر سەرجەم ناوچەكان بەشێوەی بەردەوام و ھەندێك كات ئاستی بارانەكە بەخوڕ ئەبێت لەگەڵ ڕوودانی ھەورە بروسكە و ھەندێ ناوچەش تەرزە بارین ئەبێت ، بەھۆی كاریگەری ئەو بارستە ھەوای ساردەی لەگەڵ ئەو نزمەپاڵەپەستۆیە ناوچەكە دەگرێتەوە ھەر لە رۆژی دووشەمە پلەكانی گەرما بەرێژەی 4 تا 6 پلە بەڕاورد بە ئەمڕۆ وسبەی نزمتر ئەبێتەوە و كەشێكی سارد دروست ئەبێت لەگەڵ بارینی بەفر لەناوچە شاخاویە بەرزەكاندا .
ئاماژەی بەوەشدا لە نێوان ئێوارەی دووشەم بۆ بەرەبەیانی سێشەمە 21/11/2023 بەھۆی زیاتر نزمبوونەوەی پلەكانی گەرما و بەردەوامی شەپۆلەكە ئەگەری بارینی بەفر لەسەنتەری حاجی ئۆمەران ئەو ناوچە شاخاویانە ئەبێت كە بەرزیان زیاتر لە 1800 مەتر لە ئاستی ڕووی دەریا، بەگشتی كاریگەری ئەم شەپۆلە تا نیوەرۆی سێشەمە بەردەوامی ئەبێت و دواتر كەشەكە سەقامگیر ئەبێتەوە .