ئەنجوومەنی ئاسایش لەبارەی ڕاگرتنی شەڕ لە غەززە بڕیارێک دەردەکات

ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان، پڕۆژە بڕیارێکی پەسەند کرد کە تیایدا دوای ڕاگرتنی بەپەلەی شەڕ و پێکدادانەکان لە کەرتی غەززە دەکات.

پڕۆژە بڕیارەکە کە لەلایەن ماڵتاوە پێشکەش کرابوو، ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە بە زۆرینەی دەنگ لە میانی دانیشتنی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا، پەسەند کرا. 

لەئێستادا، ماڵتا سەرۆکایەتی گرووپی کاری ئەنجوومەنی ئاسایش نێودەوڵەتی دەکات بۆ کارکردن لەبارەی پرسەکانی تایبەت بە منداڵان و شەڕ و پێکدادانەکان. 

تەنھا ١٢ وڵاتی ئەندام لە ئەنجوومەنی ئاسایش، دەنگیان لەسەر پرۆژە بڕیارەکە دا، ھەریەک لە ئەمریکا، ڕووسیا و بەریتانیا دەنگیان لەسەر نەدا. 

ھاوکات ئەنجوومەنی ئاسایش، پێشنیارێکی ڕووسیای ڕەتکردەوە بۆ بەکارھێنانی دەستەواژەی “ئاگربەست” لەبری “ئاگربەستی مرۆیی”.

بڕیارە پەسەندکراوەکە داوا دەکات، ئاگربەستی بەپەلە و کردنەوەی ڕێڕەوی مرۆیی بۆ ماوەیەکی زۆر لە سەرتاسەری کەرتی غەززە ڕابگەیەندرێت، بۆ ئەوەی ڕێکخراوە مرۆییەکانی سەبەر نەتەوە یەکگرتووەکان و ھاوبەشەکانیان بتوانن یارمەتییە مرۆییەکان بگەیەننە دانیشتووانی کەرتی غەززە.

ھەروەھا بڕیارەکەدا، داوا دەکات، بەپەلە بەدیلگیراوکانی لای حەماس ئازاد بکرێن، بە تایبەتی منداڵان.

لە بەشێکی دیکەی بڕیارەکەدا، داوا لە سەرجەم لایەنەکان کراوە کە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی، پابەندبن بە جێبەجێکردنی بڕیارەکە.

ھەواڵی زیاتر