وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باسی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران دەکات
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە بەغدا ئامانجی سەردانەکەی و ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سوودانی خستەڕوو.
رۆژی یەکشەممە (5ـی تشرینی دووەمی 2023) ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە بەغدا رایگەیاند، هێرش و هەڕەشەکانی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر ئەمەریکا لە عێراق جێگەی قبوڵکردن نییە و هەموو کارێک دەکەین بۆ پاراستنی ستافی دیپلۆماسی، سەربازی و هاووڵاتییانی مەدەنی خۆیان.
بلینکن ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمەریکا نایەوێت رووبەڕووی ئێران ببێتەوە و ئەوەشمان بە روونی دووپاتکردووەتەوە، کە ئەمەریکا نایەوێت رووبەڕووی ئێران ببێتەوە بەڵام هەوڵێک دەدەین بۆ پاراستنی بەژەوەندییەکانمان لە هێرشی گرووپە چەکدارییەکانی سەر بەو وڵاتە.
هاوکات وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئاشکرای کرد، لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ سوودانی، بەروونی ئیدانەی ئەو هێرشانەی کرد کە ئاراستەی ئەمەریکا دەکرێت لە عێراق و دووپاتیکردەوە، هەموو رێکارێکی پێویست دەگرێتەبەر بۆ ئەوەی ئەو هێرشانە دووبارەنەبنەوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بلینکن باسی لەوەشکرد، گفتوگۆیەکی راشکاو و گشتگیری لەگەڵ سوودانی ئەنجامداوە و ئاماژەی بەوەشکرد کە هەوڵی ئەوە دەدەن کە جەنگی ئیسرائیل و حەماس تەشەنە نەکات و بۆ ناوچەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەپەڕێتەوە.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، کاری لە پێشینەی دیپلۆماسییەتی وڵاتەکەی لە ئێستادا رێگریکردنە لە فراوانبوونی بەرەی ئەو جەنگە و لە گەشتەکەیان بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەو پەیامەیان بە هەمووان گەیاندووە.