یەکەم هەڵوێستی حەسەن نەسروڵا لەسەر شەڕی حەماس-ئیسرائیل
ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنانی بۆ یەکەمجار لە پاش هەڵگیرسانی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل دەرکەوت و رایگەیاند، “هیچ شەڕێک وەک شەڕ لە دژی زایۆنییەکان شەرعی تر نییە و ئێمە هەر لە 8ـی تشرینی یەکەمەوە چووینەتە ناو شەڕەکەوە”. گوتیشی، مانگێکە ئیسرائیل هیچ دەستکەوتێکی سەربازی نەبووە.
حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنانی رایگەیاند، “ئەو بەرگرییەی لە سنووری ئێمەدا [لوبنان] روودەدات، بێ وێنەیە، ئیسرائیل هەرگیز بەخۆیەوە نەیبینیوە، وامان کردووە تەرکیزی کەمتر بێت لەسەر غەززە و کەرتی رۆژئاوا”.
نەسروڵڵا دەڵێت، هێرشی 7ـی ئۆکتۆبەری حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، پێویست و گرنگ و لە کاتێکی گونجاودا بوو. دەشڵێت، مانگێکە سوپای ئیسرائیل یەک دەستکەوتی سەربازی نەبووە. پێشیوایە کە ئیسرائیل “منداڵ و ژن شەهید دەکات، زۆرینەی شەهیدان لە ژن و منداڵانن، زۆرینەی هەرە زۆری شەهیدان کەسانی سڤیلن.” باس لەوەش دەکات کە ئیسرائیل دەست لە هیچ ناپارێزێت و تەنانەت قوتابخانە، مزگەوت، کەنیسە و نەخۆشخانەش بۆردوومان دەکات.
گروپە چەکدارە شیعەکانی لوبنان، عێراق، سووریا و یەمەن تاوەکو ئەمڕۆ هەینی کاتیان داوە بە ئیسرائیل کە لە شەڕی غەززە بکشێتەوە. ئەمریکاش رایگەیاندبوو، چاوەڕێی گوتەکانی حەسەن نەسروڵڵا دەکەن.
حەسەن نەسروڵڵا دەڵێت، جەنگی تۆفانی ئەقسا بۆ زیاتر لە گۆڕەپانێک درێژبووەتەوە و ئەوانیش بە شەرعی دەزانن، بۆ یەکەمجاریش کوژرانی 57 چەکداری حزبوڵڵای ئاشکرا کرد کە بەهۆی گرژییەکانی ئەم دواییەوە بە دەستی ئیسرائیل کوژراون.