ڕوونکردنەوە
هاوڵاتیانی شاری کەرکوکی خۆشەویست، کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان پێشمەرگە قارەمانەکان سەرجەم چین وتوێژەکانی کەرکوک، هەموومان دەزانین کە هەڵبژارنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک گرنگییەکی تایبەت بەخۆی هەیە، دڵنیاین لەوەی کە شارەکەمان بەو جۆرەی ئێستا نامینێتەوە و گۆرانکانی تەواوی بەسەردا دێت و مۆرکی کوردایەتی و رەسەنایەتی بۆ شارەکەمان دەگەرێتەوە.
ئەوەی بەلای ئێمەوە جێگەی سەرسوڕمانە وەک خانەوادەی (دکتۆر نەجمەدین کەریم)، کە برایەکی بەناوی (فەرهاد کەريم)، وەک کاندیدێك بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکی کردووە، کە ئيمە دڵنیاین ئەو بەرێزە لەلایەن لایەنێکی سیاسییەوە بەکارهێندراوە و دەیانەوێت لەو رێگایەوە دەنگی هاوڵاتیانی سەربەرز و خۆشەویست، سۆز و هەستی دەنگدەرانی شارەکەمان بەدەستبێنن، بۆیە بە گرنگمان زانی کە هاوڵاتیانی شاری کەرکوک دڵنیابکەینەوە، کە ئەم بەرێزە هیچ پەیوەندییەکی بە ئێمەوە وەک خانەوادەی (دکتۆر نەجمەدین کەریم) نییە و ئاگاداری خۆکاندیدکردنی نین و پشتگیر و پشتیوانی نین و بەهیچ جۆرێکیش نامانەوێت ناوی باوکی کۆچکردوومان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاربهێندرێت، بۆ مەبەستی راکێشان و سۆز و هەستی هاوڵاتیان و کۆکردنەوەی دەنگ، دڵنیاشین کە ئەو بەرێزە بۆ بەدەستهێنانی حەز و ئارەزووەکانی خۆی کاندیدکردووە و دەیەوێت ناو و ناوبانگی (دکتۆر نەجمەدین کەریم) بەکاربهێنێت بۆ کۆکردنەوەی دەنگ.
ئيمە دڵنیاین کە هاوڵاتیانی سەربەرز و خۆراگری شارەکەمان بەشداری کارای هەڵبژاردن دەبن و دەنگ بەو کاندیدانە دەدەن کە دڵخوازی خۆیانن، نەک ئەو کاندیدانەی کە دەیانەوێت لەژێر ناو و سێبەری کەسانی تردا دەنگ بەدەستبێنن.
لەکۆتاییدا دووبارەی دەکەینەوە، کە ئێمە بەهیچ جۆرێك پشتگیر و هاوکاری (فەرهاد کەریم) نین و ئاگاداری خۆکاندید کردنی نین و رێگەش بەهیچ کەس و لایەنێکیش نادەین ناوی رەوانشاد (دکتۆر نەجمەدین کەریم) بەکاربێنێت بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن.
خانەوادەی ڕەوانشاد (دکتۆر نەجمەدین کەریم)
١ / ١١ / ٢٠٢٣