حەماس تانک و زرێپۆشەکانی ئیسرائیل لە باکووری رۆژئاوای غەززە دەکاتە ئامانج

لە 25ـەمین رۆژی جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس، بۆردوومانی سەر غەززە بەردەوامە و حەماسیش دەڵێت، لە باکووری رۆژئاوای کەرتی غەززە، تانک و زرێپۆشی ئیسرائیلیان کردووەتە ئامانج. 

کەتائیبی قەسام، باڵی سەربازیی حەماس رایگەیاند، چەکدارەکانیان لە باکووری رۆژئاوای غەززە رووبەڕووی هێزەکانی ئیسرائیل بوونەتەوە. 

حەماس دەڵێت، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، لە باکووری رۆژئاوای غەززە بە تفەنگ و دژە تانک رووبەڕووی هێزەکانی ئیسرائیل بوونەتەوە. 

بە گوتەی حەماس، چەکدارەکانی بە مووشەکی “یاسین 105″، کە لە غەززە دروستکراون، چوار تانکی ئیسرائیلییان کردووەتە ئامانج دوای ئەوەی بەرەبەیانی زووی سێشەممە، لە رۆژئاوای غەززە هەوڵی پێشڕەوییان داوە. 

قەسام هەروەها باس لەوە دەکات، بە دوو دژە تانک،  تانکێک و بلدۆزەرێکی ئیسرائیلیان لە باکووری رۆژئاوای غەززە کردووەتە ئامانج. 

بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی غەززە، تاوەکو ئێستا بەهۆی بۆردوومانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر کەرتەکە، 8 هەزار و 306 فەلەستینی کوژراون، کە لانیکەم 3 هەزار و 457 منداڵ، 2 هەزار و 136 ژن و 35 رۆژنامەڤانیان لەنێودایە. هەروەها لانیکەم 21 هەزار و 48 کەسی دیکە بریندار بوون، کە 6 هەزار و 380یان منداڵ و 4 هەزار و 891یان ژنن. 

لە کەرتی رۆژئاواش بەهۆی ئەو گرژیانەی لە دوای هێرشەکەی 7ی تشرینی یەکەمی حەماسەوە بۆ سەر کەرتی غەززە دروستبوون، لانیکەم 119 کەس کوژراون و هەزار و 960ی دیکەش بریندار بوون. 

هەروەها لە ئیسرائیل، بە سوپای ئیسرائیل، هەزار و 405 کەس بەهۆی هێرشەکانی حەماسەوە کوژراون و لانیکەم 5 هەزار و 431ی دیکەش برینداربوون. ئەمە جگە لەوەی کە 239 کەس لە لایەن حەماسەوە بە بارمتە گیراون. 

Rudaw

ھەواڵی زیاتر