بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پڕۆژەی گەشانەوە رادەگەینرێت

ئەمڕۆ دووشەممە 25ـی ئەیلوول، کاتژمێر 10:00ـی بەیانی بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی  (گەشانەوە) رادەگەیەنرێت.

وەک لە ماڵپەڕی فەرمی پرۆژەکەدا هاتووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی پڕۆژەی گەشانەوە تاوەکو بڕی 150 ملیۆن دیناری عێراقی قەرز بۆ بزنسی بچووک و مامناوەندی دامەزراو لە هەرێمی کوردستان دابین دەکات بە رسوماتی کارگێڕی سەدا دوو و بەبێ داواکردنی هیچ بارمتەیەک (رەهن) لەسەر قەرزەکان.

ئاماژە بەوەشدراوە، قەرزەکان لە الیەن بانکی تایبەتی (بانکی جیهان) دابین دەکرێن کە هاوکارێکی پڕۆژەکەیە.

هەر سەبارەت بە (گەشانەوە)، لەو ماڵپەڕەوە ئەوە خراوەتەڕوو، بزنسە بەشداربووەکان سوودمەند دەبن لە وەرگرتنی راوێژی تایبەتەوە لە لایەن شارەزای ناوخۆیی و بیانیەکانی رێکخڕاوی کارسازی هاوبەش (Top Mountain) بۆ باشتر بەڕێوەبردنی کارە بازرگانییەکانی سوودمەندبووانی پڕۆژەکە. هەروەها سوودمەندبووان هاوکاری دەکرێن بۆ کردنەوەی هەژماری بازرگانی بانکی.

پێوارەکانی شایستەبوون بۆ وەرگرتنی قەرز

– پێویستە هاووڵاتی کوردستانی بێت و تەمەنی لەنێوان 21 بۆ 60 ساڵدا بێت.

– نابێت لە هیچ دەزگایەکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دامەزراوبێت.

– پێویستە لەکاتی پێشکەشکردنی داواکارییەکەدا، بزنسەکە لانیکەم 12 مانگ کاری کردبێت.

– دەبێت شوێنی بزنسەکە هەرێمی کوردستان بێت.

– پێویستە بزنسەکەت کەمتر لە 100 کارمەندی هەبێت.

– دەبێت کارەکەت لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تۆمارکردنی کۆمپانیاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمار کرابێت و ژمارەی کەسیی بێ هاوتا (UPN) و ژمارەی بازرگانیی بێهاوتا (UEN) هەبێت.

– ئەگەر بزنسە کشتووکاڵیەکەت لە بەڕێوبەرایەتی گشتی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان تۆمار نەکراوە، ئەوا پێویستە ژمارەی کەسیی بێ هاوتا (UPN) بەدەست بهێنیت بۆ پێشکەشکردنی داواکاری.

– تەنها یەکجار دەتوانیت داواکاری پێشکەش بکەیت.

ھەواڵی زیاتر