سودانی: پاره‌داركردنى هه‌رێمى كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت

سه‌رۆكوه‌زیرانى عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، هه‌ڵوێستى ئێمه‌ به‌رامبه‌ر هه‌رێمى كوردستان به‌رپرسیارانه‌یه‌ چونكه‌ هه‌رێم به‌شێكى دانه‌بڕاوه‌ له‌ عێراق، ده‌شڵێت: “ناردنى پشكى هه‌رێم له‌ بودجه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ داراییه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا”.

ئه‌مڕۆ هه‌ینى 22ى 9ی 2023، محه‌مه‌د شیاع سودانى، سه‌رۆكوه‌زیرانى عێراق له‌میانى به‌شداریكردنى له‌ گفتوگۆى تایبه‌تى پێگه‌ى ئه‌لمۆنیته‌ر له‌ ئه‌مریكا باسى په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر و به‌غداى كرد و وتى: “هه‌ڵوێستى ئێمه‌ به‌رامبه‌ر هه‌رێمى كوردستان هه‌ڵوێستێكى به‌رپرسیارانه‌یه‌، چونكه‌ هه‌رێم به‌شێكى دانه‌بڕاوه‌ له‌ عێراق و هاووڵاتیانى هه‌رێم هیچ جیاوازیه‌كیان نییه‌ له‌گه‌ڵ هاووڵاتیانى باشوور و ناوه‌ڕاستى عێراق. پاره‌داركردنى هه‌رێمى كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت تاوه‌كو پێش كۆتایی ساڵ و پێش كۆتایی ساڵ كێشه‌كان یه‌كلاده‌كرێنه‌وه‌”.

سه‌رۆكوه‌زیرانى عێراق له‌ به‌شێكى ترى قسه‌كانیدا باسى بابه‌تى ناردنى پشكى هه‌رێمى له‌ یاسای بودجه‌ى عێراق كرد و وتیشى: “ناردنى پشكى هه‌رێم له‌ بودجه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ رێككه‌وتن له‌سه‌ر كێشه‌ داراییه‌كانى هه‌رێم. ئه‌م كێشانه‌ زیاتر ده‌ركه‌وتن له‌گه‌ڵ وه‌ستاندنى هه‌ناردى نه‌وتى هه‌رێم له‌ڕێگه‌ى به‌نده‌رى جه‌یهانى توركیه‌وه‌”.

له‌باره‌ى به‌شدارى هێزه‌ سیاسیه‌كانى هه‌رێمى كوردستان سه‌رۆكوه‌زیرانى عێراق ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو، “هێزه‌ سیاسییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان به‌شێكى دانه‌بڕاون له‌ هاوپه‌یمانى ئیداره‌ى ده‌وڵه‌ت كه‌ حكومه‌تى عێراقى پێكهێناوه‌ و ئێمه‌ش پابه‌ندییه‌كانمان له‌باره‌یانه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كه‌ین”.

به‌ وته‌ى سه‌رۆكوه‌زیرانى عێراق، “كێشه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا سیاسى نین به‌ڵكو یاسایی و دارایین”.

شیاع سودانى باسى له‌وه‌شكرد، “چاوه‌ڕوانى توركیاین بۆ ئه‌وه‌ى ئاگادارمان بكاته‌وه‌ بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى هه‌نارده‌ى نه‌وتى هه‌رێم”، ناشیشارێته‌وه‌، “عێراق به‌ قه‌باره‌ى رۆژانه‌ 470 هەزار بەرمیل نه‌وت زیان ده‌كات”.

ھەواڵی زیاتر