ئەمڕۆ سەرپەرشتی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانمان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران ئامادەی بوو، ئەنجومەنی وەزیران سەرکۆنەی هێرشی سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەتی لە پارێزگای سلێمانی کرد و پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدەکان کرد و هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ برینداران خواست. لە هەمانکاتدا ئەنجومەنی وەزیران داوای کرد کە ڕێز لە سەروەریی و ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراق بگیرێت.
پاشان پوختەی سەردانی شاندی باڵای حکومەتی هەرێم بۆ بەغدا لە 2023/9/14 بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران تایبەت بە مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەکانی شاندەکە لەگەڵ هەرسێ سەرۆکایەتییەکە و هێز و لایەنە سیاسییە عێراقییەکان و فراکسیۆنە کوردستانییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق خرایەڕوو.
ئاماژەمان بەوە دا کە لە پێناو دابینکردنی مووچەی مووچەخۆران لە ڕێگای شاندێکی باڵای ئەنجومەنی وەزیران و یەک هەڵوێست و پشتبەست بە دەسەڵات و مافە دەستووریەکان و بە داتا و زانیاری وردەوە، ڕوونکردنەوەی پێویستمان دا بە سەرۆکایەتییەکانی فیدڕاڵیی و هێز ولایەنە سیاسیەکان و بە وردیی پێشنیاری چارەسەری هەنووکەیی و درێژخایەنمان بۆ دابینکردنی مووچە خستەڕوو کە جێگەی ڕەزامەندیی لایەنە عێراقیەکان بوو. دواتریش لە دواکۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ، پێشنیاری هەنووکەيی بە زیادکردنی بڕی پێدانی قەرز پەسەندکرا. بۆ پێشنیاری درێژخایەنیش داوامان کرد، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم وەک شایستەیەکی یاسایی مووچەخۆر، جيا بکرێتەوە لە هەر ململانێ و جیاوازیەکی بیروڕا، چونکە پێویستە هاوشێوەی مووچەخۆرانی دیکەی عێراق، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمیش خەرج بکرێت وەک مافێکی شایستەی خۆیان کە لە ناو خشتەکانی بودجەی فیدڕاڵ هەم ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێم و هەم تەرخانکراویی داراییان بۆ دەستنیشان کراوە و نابێت مووچە وابەستەی هیچ بکرێت.
هەروەها بە پێزانینێکی زۆرەوە، ئاماژەمان بە خۆڕاگری و پشوودرێژی خەڵکی هەرێمی کوردستان کرد کە بەهۆی نەناردنی مووچە و شایستە داراییەکان لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە، لە بارودۆخێکی سەختدان، سوپاسی فراکسیۆنە کوردستانیەکانیشمان کرد لە ئەنجومەنی نوێنەران کە پێشوازی گەرمیان لە شاندەکە کرد و پشتیوانی خۆیان بۆ هەوڵ و پێشنیارەکانی هەرێم دەربڕی.
بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، دڵنیاییماندا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەرگیز سازش لە سەر ماف و شایستە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان ناکات و دەستبەردارییان نابێت و لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت بۆ چارەسەری بنەڕەتی کێشەکانی پەیوەندیدار بە مووچە و شایستەی مووچەخۆرانی هەرێم، لەو ڕووەشەوە پڕۆژەی پێویستمان پێشکەش بە سەرۆک وەزیرانی فیدڕاڵ کردووە کە چارەسەری هاوسەنگانەی لەخۆ گرتووە و لەمبارەیەوە لێکتێگەیشتنی هاوبەشی باش دروستبووە، لە هەمانکاتدا ئەنجومەنی وەزیران سەرجەم وەزارەتەکانی ڕاسپارد کە بەردەوامبن لە هاوکاریکردنی دیوانی چاودێریی دارایی و سەرجەم ژمارەی مووچەخۆران و بڕی مووچەکانیان بخرێتە بەردەست کە پێشتریش چەندین جار بە فەرمی خراوەتە بەردەستیان.
هەروەها وەزارەتی دارایی و ئابوورییشمان ڕاسپارد کە لەگەڵ گەیشتنی یەکەم کوژمەی پارەکە کە 700 ملیار دینارە، لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە، یەکسەر بە بێ دواکەوتن دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی تەممووزی مووچەخۆرانی هەرێم بکرێت.
پاشان لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبونەوەکە، وەزیری تەندروستی بەڕێز سامان بەرزنجی، ڕاپۆرتێکی دەربارەی نەخۆشی سکچوونی توند ( کۆلێرا) و پێشنیار و ڕێکارەکانی چارەسەریی و خۆپارێزییەکانی دامەزراوە تەندروستییەکان و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان خستەڕوو، دوای گفتوگۆ، لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە ڕاسپاردە و پێشنیارەکانی وەزارەت پەسەندکرا و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردران، ڕێکاریی خۆپارێزیی پێویست لەمبارەیەوە بگرنەبەر.