لەکاتی کارکردن لە پڕۆژەیەکی ئاوەڕۆ لە گەڕەکی تەیراوای شاری هەولێر، ئەمڕۆ سێ کرێكار کەوتنە نێو ئاوەڕۆکە، قایمقامی هەولێر دەڵێت، یەکێک لە کرێکارەکان گیانی لەدەستداوە و دووانیان بریندارن.
برزۆ عەبدولواحید، بەرپرسی هۆبەی رزگارکردن لە بەرگریی شارستانیی هەولێر رایگەیاند، لەکاتی کارکردن لە پڕۆژەیەکی ئاوەڕۆ لە گەڕەکی تەیراوا لە هەولێر، سێ کرێکار کەوتوونەتە نێو چاڵێک و تواندراوە دوو کەسیان رزگار بکرێن و رەوانەی نەخۆشخانەی کراون.
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر گوتی “بەهۆی ئەو رووداوەوە، دوو کرێکار بریندار بوون و کرێکارێکیش گیانی لەدەستداوە.”
کرێکاری سێیەم، کە گیانی لەدەستداوە بەگوتەی برزۆ عەبدولواحید ، ماوەی 35 بۆ 45 خولەک لە ژێر خۆڵ ماوەتەوە. “کە ئێمە گەیشتینە شوێنی رووداوەکە، دوو کەس رزگارکرابوون، ئێمەش کرێکارەکەی دیکەمان دەرهێنا و رەوانەی نەخۆشخانە کران.”
رووداو