سێ کەسی لە عێراق لەسێدارەدران

بەتاوانی بەشداریکردن لە تەقینەوەی ساڵی 2016ـی ناوچەی کەڕادەی بەغدا، سێ تاوانباری سەرەکی لەسێدارەدران.

نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ناوی ئەو کەسانەی نەهێنا کە سزاکەیان بەسەردا جێبەجێ کراوە، تەنیا ئاماژەی بەوەدا، لە هەردوو رۆژانی یەکشەممە و دووشەممە سزاکە بەسەر ئەو سێ کەسەدا جێبەجێ کراوە.

تەقینەوەکەی ساڵی 2016ـی کەڕادە، کوشندەترین تەقینەوە بوو دوای پرۆسەی ئازادکردنی عێراق لە 2003، کە تێیدا زیاتر لە 300 کەس گیانیان لەدەستدا، دوای تەقینەوەکەش (داعش) رایگەیاند، ئەوان هێرشەکەیان ئەنجامداوە.

سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراق بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، غەزوان ئەلزەوبەیی کە پلانداڕێژەری تەقینەوەکەی داعش بووە لە بەغدا و، لە ساڵی 2021 لە دەرەوەی عێراق دەستگیرکراوە و گەڕێندراوەتەوە بۆ ناوخۆی وڵات، یەکێک بووە لەو سێ کەسەی کە لەسێدارە دراون.

سوودانی بە کەسوکاری قوربانییەکانی راگەیاند، سێ تاوانباری سەرەکی تەقینەوە تیرۆریستییەکە سزای یاسایی خۆیان بەسەر سەپێندرا، کە ئەویش سزای لەسێدارەدان بوو.

لە 3ـی تەمووزی 2016 لە مانگی رەمەزاندا، ئۆتۆمبێلێکی بۆمبرێژکراو لە شوێنێکی قەرەباڵغی ناوچەی کەڕادەی بەغدا تەقیەوە.

محەممەد غەبان، وەزیری ناوخۆی ئەوکاتی عێراق لە هەفتەی یەکەمی دوای تەقینەوەکە دەستی لەکارکێشایەوە.

مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق لە 2021 رایگەیاند، غەزوان ئەلزەوبەیی بەرپرسی سەرەکی تەقینەوەکەی کەڕادە، دەستگیراوە. ئاماژەی بەوەشدا، چەندانی دیکەش بەشدارییان لەو تاوانەدا کردووە.

ھەواڵی زیاتر