وەزارەتی دارایی وادەی دابەشکردنی مووچەی مانی سێی راگەیاند و سبەی سێشەممە 18-8-2020 مووچەی وەزارەتی تەندروستی دابەشدەکرێت.
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆتاییهات و بڕیاردرا مووچەی مانگی ئادار بەهەمان میکانیزمی مانگی شوبات دابەشدەکرێت و لەم هەفتەیەدا دەست بە دابەشکردنی بکرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 2020/8/17 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان و میکانیزمی دابەشکردنی مووچە تاوتوێ کرا.
سەبارەت بەدابەش كردنی مووچە، پاش ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا و بەرچاوڕوونی زیاتر لەبارەی دۆخی داریی ھەرێم، بڕیاردرا مووچە بە پێی ئەو داھاتەی كە لەبەر دەستە، لە زووترین کاتدا بە شێوەیەکی دادپەروەرانە دابەش بکرێت. بۆ لەمەودواش، پێویستە بە میکانیزمی خۆگونجاندن لەگەڵ داھاتی مانگانە و بە شێوەیەکی دادپەروەرانە مووچە لە کاتی گونجاودا دابەش بکرێت بە پشت بەستن بەداھاتەكانی ھەرێم كە داھاتی نەوتی و نا نەوتی و ئەو بڕە پارەیەی كە لە بەغداوە دێت بۆ ھەرێم، ھەموو مانگێک ڕێژەی مووچە بە پێی داھات دەبێت. لە کۆبوونەوەکەدا هەروەها گفتوگۆ دەربارەی دۆخی تەندروستی و ڕێکار و هەنگاوەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان کرا کە بەداخەوە ئێستا هەرێمی کوردستان، لە دۆخێکی مەترسیداردایە و ڕێژەی تووشبوون و گیان لە دەستدان لە بەرزبوونەوەدایە. بۆیە پێویستە هاووڵاتییان، پابەندی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێنماییە تەندروستییەکان بن . ئاماژەش بەوە درا کە لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە ، حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێکاری پێویستی گرتەبەر و توانی تا ئاستێکی باش، دۆخەکە کۆنترۆڵ بکات کە بووە جێی دەستخۆشی و ستایشی خەڵک لە ناوخۆ و دەرەوە، بەڵام بەداخەوە پابەندنەبوون بە ڕێکار و ڕێنماییەکان، بووە هۆی ئەوەی دۆخی تەندروستی بگاتە ئەم ئاستە مەترسیدارەی ئەمڕۆ. بۆیە له كاتێکدا دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەت بەردەوام دەبن لە جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی ، داوا لە هاووڵاتییانیش دەکەین لە پێناو پاراستنی خۆیان و کەسوکاریان ، پابەندبن و خۆیان بپارێزن