ناوەرۆکی کۆنفرانسی رۆژنامەوانی فوئاد حوسێن و هاکان فیدان

لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەی بۆ عێراق، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق کۆبووەوە و دواتر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ناوەرۆکی کۆبوونەوەکەیان ئاشکرا کرد و جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی بەغدا و ئەنقەرە کردەوە.

رۆژی سێشەممە (22ـی ئابی 2023) فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە بەغدا پێشوازی لە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کرد و دوای کۆبوونەوەی نێوانیشیان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا باسیان لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکانیان کرد. سەرەتا فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق خۆشحاڵی خۆی بە سەردانەکەی هاکان فیدان بۆ بەغدا دەربڕی و ئاماژەی بەوەشکرد، پێشتر چەندین جار بە سیفەتی جیاواز سەردانی عێراقی کردووە بەڵام ئەمجارە وەک وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی عێراقی کردووە.

وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات کردووە و هەردوولا هاوڕابوون لە پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان و باسی لەوەشکرد، هەندێک جار کۆسپ بۆ پەیوەندییەکانیان دروست دەبێت بەڵام ئەوەیان دووپاتکردووەتەوە کە بە گفتوگۆ کێشەکان و ئەو کۆسپانە چارەسەربکەن.

لەبارەی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان، فوئاد حوسێن رایگەیاند، کە پێشکەوتنی بەرچاو لە پەیوەندییە ئابووری و ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەیە  هاوکات دەشڵێت، 850 کۆمپانیای تورکی لە عێراقدا کاردەکەن کە زۆرینەیان لە بوارەکانی ئاوەدانکردەوە و وەبەرهێناندا کاردەکەن.

باسمان لە دۆسیەی ئاو و سەرچاوەکانی ئاو کرد لەژێر کاریگەرییەکانی ئەو گۆڕانکارییە ژینگەیی و کەشوهەوا لە هەردوو وڵاتدا هەیە، بەڵام عێراق بەهۆی بوونی هەردوو رووباری دیجلە و فورات پێویستی بەوەیە کە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە رێژەی ئاوی خۆی بۆ بەربدرێتەوە بەهۆی ئەوەی سێکتەرەکانی کشتوکاڵ بەتایبەتی زیانی زۆری بەرکەوتووە و ئەوەشی ئاشکراکرد، کە هاکان فیدان پێشنیازی پێکهێنانی لیژنەیەکی هەمیشەیی کرد لەبارەی ئەو پرسە لەنێوان هەردوو وڵات.

هاوکات وەزیری دەرەوەی عێراق روونیکردەوە کە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا باسیان لە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە بەندەری جەیهان و گرێبەستەکان کرد و هەروەها لە دۆسیەی ئەمنیدا گفتوگۆ لەبارەی بوونی سەربازانی تورکیا لەسەر خاکی عێراق و هەڕەشە ئەمنییەکان لەسەر ئەو وڵاتە و باسی لەوەشکرد، کە حکومەتی عێراق پابەندە بە دەستوور کە رێگە بە هیچ حزب و گرووپێک نادات ببێتە مایەی هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ.

فوئاد حوسێن ئاشکراشیکرد، تاوتوێی ژمارەیەک لە رێککەوتن و یاداشتی لێکتێگەیشتنیان کردووە کە هەوڵ دەدەن پێش سەردانیکردنی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بۆ عێراق بە تەواوی ئامادەبن و بگەنە رێککەوتن لەسەر رەشنووسی کۆتایی.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند کە باسیان لە خاڵە گومرگییەکان و پێدانی ڤیزای تورکیا بە عێراقییەکان کرد کە ئێستا زیاتر لە 700 هەزار عێراقی لە تورکیا دەژین و باس لە ئاسانکاریکردن بۆ گەشتکردن و کاروبارەکانی وەبەرهێنەران و خاوەنکارانی عێراق بکرێت و گوتیشی، هەوڵ دەدەن لە زووترین کاتدا کۆبوونەوەی لیژنەی ئابووری هاوبەشی نێوان عێراق و تورکیا بە ئەنجام بگات.
هەروەها فوئاد حوسێن گوتیشی کە لەگەڵ هاکان فیدان باسیان لە دیاردەی ئیسلامۆفۆبیا لەسەر ئاستی وڵاتانی جیهان کردووە و هەردوولا هاوڕابوون کە پێویستە رێز لە پیرۆزییەکان بگیرێت و هەوڵ بدرێت بۆ رێگریکردن لەو رووداوانەی هەبوون لە ماوەی رابردوو بۆ پێشێلکردنی ماف و بێڕێزیکردن بە باوەڕ و پیرۆزییەکان.

K24

ھەواڵی زیاتر