بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر 12 رێنمایی نوێی بۆ بەكارهێنانی رێگا خێراكان بڵاوكردەوە و بەگوێرەی بەشێك لە رێنماییەكانیش، گەڕانەوە بە بەگ و وەستان و چاوەڕێكردن لەرێگاوبانەكان قەدەغەیە و ناشبێت پیادەڕەوەان لەسەر شەقامی خێرا بپەڕنەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بۆ زیاتر گرەنتیكردنی سەلامەتیی هاوڵاتییان و شۆفێران، چەند ڕێنماییەكی پێویستی لەبارەی بەكارهێنانی ڕێگە خێراكان بۆ شۆفێر و هاوڵاتییان دیاریكردوە و داواش دەكات هەمو لایەكی پێیەوە پابەند بن.
ئەم کارانە لەسەر رێگا خێراکان قەدەخەیە:
یەکەم: وەستان و چاوەڕێكردن بە بێ هۆكاری لەناكاو.
دووەم: گەڕانەوە بە بەگ بە هەمو شێوەیەك.
سێیەم: نابێت پیادەڕۆیان لەسەر شەقامی خێرا بپەڕنەوە، مەگەر پردەكان بەكار ببەن.
چوارەم: كڕین و فرۆشتن و مامەڵە لەسەر شەقامە خێراكان.
پێنجەم: ڕۆیشتنی ئەو سوارڕۆیانەی كە خێراییان لە 60 كیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا كەمترە.
شەشەم: ڕۆیشتنی سوارڕۆكانی بیناسازی و كشتوكاڵی وەكو تراكتۆر و دەڕاسە و گرێدەر و شۆڤڵ و تەنانەت بۆ مەودای چەند مەترێكیش، بەڵكو دەبێت بە ئامێری هەڵگرتنی تایبەت بگوازرێنەوە.
حەوتەم: پێچاوپێچكردن و تەڕناش و كێبڕكێ.
هەشتەم: بەكارهێنانی مۆبایل و سۆشیالمیدیا.
نۆیەم: پێچكردنەوە لە شوێنە تایبەتەكانی ئۆتۆمبێلی فریاگوزاریی خێرا یان هەر دەرچەیەكی دیكەی فریاگوزاری.
دەیەم: هەڵگرتن و دابەزاندنی سەرنشین.
یازدەیەم:لێدانی فوللایت.
دوازدەیەم: لێخوڕینی پایسكیل و مۆپید و سكۆتەر و ماتۆڕی سێتایە.