پەرلەمانتارێکی هاوپەیمانی فەتح رایگەیاند پێویستە پێش هەڵبژاردنی پێشوەخت کە بڕیارە لە حوزەیرانی ساڵی داهاتوو بەڕێوەبچێت، لە 15 پارێزگاکەی عێراق ڕیفراندۆم بکرێت لەسەر جیابوونەوەی هەرێمی کوردستان لە عێراق.
عودەی عەواد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆکایەتی هادی عامری لە راگەیەنراوێکدا وتی ” پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەخت لە عێراق، دەبێ زۆر بابەت چارەسەر بکرێن، گرنگترینیان ئەنجامدانی ریفراندۆمە لە 15 پارێزگاکەی عێراق بۆ وەرگرتنی رەزامەندی گەل لەسەر جیابوونەوەی هەرێمی کوردستان لە عێراق”.
عودەی عەواد دەشڵێ “هەرێمی کوردستان پێشتر ڕیفراندۆمی لەسەر ئەو پرسە کرد و رەزامەندی زۆرینەی رەهای لەسەر جیابوونەوە یان وەک خۆیان دەڵێن رەزامەندی لەسەر سەربەخۆیی بەدەستهێنا، بۆیە بڕیاری سەرەتایی و کۆتایی لای گەلی عێراقە”.