بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر رایدهگهیهنێت، بازرگان و بەکارهێنەرێکی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکرا.
ئاسایشی ههولێر رایگهیاند، تۆمەتبار (ت، ص ، ع) کە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکرابوو لە لایەن دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر بە تۆمەتی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر، لە کاتی دەستگیرکردنی لە گەڕەکی هەڤاڵانی شاری هەولێر، هەوڵیدا بە ئۆتۆمبێلەکەی لەدەست هێزەکانمان هەڵبێت و بۆ خۆ دەربازکردن، خۆی بە چەند ئۆتۆمبێلێکی هاووڵاتییانی ئەو گەڕەکەدا کێشا، بەڵام لە لایەن هێزەکانمانەوە ڕێگری لێکراو دەستگیر کرا.
ئاسایشی ههولێر ههروهها راشیگهیاند، لە کاتی دەستگیرکردنیدا دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەی و بڕێک ماددەی هۆشبەر لە جۆری (کریستاڵ) و ئامێری پێوانەکردن و کەلوپەلی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەردا گیرا.
دوێنێش موقەدەم ئەردەلان بەرپرسی راگەیاندنی ئاسایشی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، دوای ئەوەی هێزەکانی ئاسایشی هەولێر هەوڵدەدەن بازرگانێکی ماددەی هۆشبەر دەستگیربکەن، بەڵام بازرگانەکە خۆی نادات بە دەستەوە و هەوڵی راکردن دەدات و خۆی دەکێشێت بە چەند ئۆتۆمبێلێکدا و زیان بەر ئۆتۆمبێلەکان دەکەوێت.
گوتیشی: “هێزەکانی ئاسایش توانیان سەرکەووتوانە بازرگانەکە دەستگیر بکەن”.
سەبارەت بە دەنگۆی برینداربوونی دوو کارمەندی ئاسایش، موقەدەم ئەردەلان گوتبووی: “هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەینەوە و هیچ کارمەندێکی هێزەکانی ئاسایش بریندار نەبووە”.
پێشتریش ئەرکان بیبانی، ئەفسەر لە بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، وەک بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان زۆر بە جددی کار لەسەر ئەوە دەکەن و بەردەوام دەبن لە هەڵمەت پشکنینی کافێ و رێستورانتەکان و ئەو شوێنانەشی کە گومانی لێ دەکرێت ماددەی هۆشبەری لێبێت.
راشیگەیاند، هەڵمەتەکانی پشکنین بۆ بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر، بە ئامادەبوونی نوێنەری پارێزگای هەولێر، نوێنەری وەزارەتی تەندروستی و ئاسایشی گشتی ئەنجامدەدرێت.