بڕیارە رۆژی سێشەممە 18ی ئاب، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بگاتە واشنتن و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ و بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆببێتەوە.
بە گوێرەی پرۆتۆکۆلی نێوان هەردوو وڵات، سبەی دووشەممە مستەفا کازمی بە یاوەری وەزیرانی بەرگری، وەزیری نەوت، كارەبا ، پلاندان، كۆچبەران و ژمارەیەك ڕاوێژكار بەرەو واشنتن بەڕێدەکەون، بڕیارە ڕۆژی ١٨ مانگ كاتژمێر 1:00 ی بەیانی بەكاتی بەغداد و ٦ ئێوارە بەکاتی واشنتن، بگەنە فڕۆكەخانە سەربازی ئەندروا لە نزیك واشنتن، بە مەراسیمێكی سەربازی پیشوازی لە كازمی و شاندە یاوەرەکەی دەكرێت.
هەر لە میانەی سەردانەکەیدا كازمی و شاندە یاوەرەکەی بۆ هۆتێلی ویلارد لە واشنتن بەڕێدەكەون و ڕۆژی ٨/١٩ دانوستاندنی ستراتیژی عێراق و ئەمەریكا لە بارەگای وەزارەتی دورەوەی ئەمەریكا بە سەرۆكایەتی فوئاد حوسێن و مایک پۆمپیۆ بەڕێوە دەچێت، كازمی لە شوێنی مانەوەی لەگەڵ سەرمایەدارە عێراقی و ئەمەریكییەکان و بەڕێوەبەری ژوورە بازرگانییەكان و ژمارەیەك كەسایەتی عیراقی و ئەمەریكی كۆدەبێتەوە، كاتژمێر 6:00 بەیانی بەكاتی واشنتن لە هۆتێل ویلارد پشكنینی كرۆنا PCR بۆ كازمی دەكرێت و كاتژمێر 2:00 پاشنیوەڕۆ بەكاتی واشنتن و8:00 بەكاتی بەغداد ترەمپ و كازمی كۆدەبنەوە.