دوای ئەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان 25/2/2024 وەکو رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد، هەریەک لە وڵاتانی ئەمریکا و هۆڵەندا، ئەلمانیا و ئیتاڵیا، پێشوازیان لە کاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرد.
باڵیۆزی ئیتاڵیا لە بەغدا لە تویتێکدا رایگەیاند، پێشوازی لە بڕیاری سەرۆکایەتی هەرێم دەکەن بۆ دیاریکردنی کاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن کە 25ـی شوباتی 2024ـەیان دەستنیشان کردووە.
باڵیۆزی ئیتاڵیا لە بەغدا داوای هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروانە دەکات و راشیگەیاند، مافی دەنگدان کۆڵەکەی دیموکراسییە و دەرفەتێکی بەنرخە بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان تا دەنگی خۆیان بگیەنن.
لەلای خۆیەوە، کونسوڵخانەی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر رایگەیاند، پیشوازی لە بڕیاری سەرۆکی هەرێم بۆ دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن.
کونسوڵخانەی گشتیی ئەڵمانیا لە هەوێر داوای لە سەرجەم لایەنەکان کرد بەشدارییەکی بنیاتنەرانەیان هەبێت لەپێناو دڵنیابوونەوە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە و گشتگیر لەکاتی گونجاودا.
ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق لە تویتێکدا رایگەیاند: پێشوازی لە راگەیەندراوەکەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە 25 ی شووباتی ساڵی 2024 دەکەین”.
گوتیشی: هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە لەکاتی گونجاودا بناغەیە بۆ دیموکراسیەکی تەندروست.
لەلایەکی دیکەش کونسوڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەولێر بڕیاری سەرۆکایەتی هەرێم بۆ دیاریکردنی کاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە بڕیارێکی گرنگ لە قەڵەم دەدات و رایگەیاند، پشتگیری تەواوی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە و گشتگیر دەکەن بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بتوانن مافی دەنگدانیان هەبێت.