ئەمڕۆ بڕیار لەبارەی مووچەوە دەدرێت

شاندێكی ته‌كنیكیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە بەغدایە و بڕیاریشە تاوتوێی یاسای نەوت و گاز لەگەڵ بەرپرسانی عێراق بکات.

شاندێكی باڵای ته‌كنیكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە بەغدان و ئەمڕۆش لەگەڵ شاندی حکومەتی عێراقی سەبارەت بە پرۆژەیاسای نەوت و گاز گفتوگۆ دەکەن.

دوای په‌سه‌ندكردنی یاسای بودجه‌ی گشتیی عێراق، چەند جارێک شاندی تەکنیکی حکومەتی هەرێمی کوردستان چوونەتە بەغدا بە مەبەستی گەڵاڵەکردنی پرۆژە یاسایەک کە چارەسەری پرسی نەوت و گاز لە نێوان هەولێر و بەغدا بکات و لە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر بدرێت.

بەدەر لە پرسی نەوت و گاز، تا ئێستا چه‌ندین جار شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان به‌مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردنی یاسای بودجە، سه‌ردانی به‌غدای كردووه، ئێستاش چاوەڕوان دەکرێت حكومه‌تی فیدراڵ هاوشێوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت و پابەندییەکانی بە یاسای بودجە جێبه‌جێ بکات و شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێم ره‌وانه‌ بكات.

لیژنەیەکی هاوبەش لەنێوان هەردوو تیمی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی پێکهێنراوە بۆئەوەی رەشنووسێکی نوێ بۆ یاسای نەوت و گاز بنووسرێتەوە، هەردوولا لەسەر کۆمەڵێک بڕگە و بابەتی گشتی رێککەوتوون، بەڵام هەندێک بابەت هەیە کە هێشتا لەسەری ماونەتەوە، بەتایبەتی بابەتی سەرپەرشتیکردنی کێڵگە نەوتییەکان و فرۆشتن و بەرهەمهێنانی نەوت لەنێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان.

تەوەرێکی دیکە کە بڕیارە گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت، بابەتی یەكلاكردنەوەی حساباتی شەش مانگی یەكەمی ساڵی 2023ـەیە کە لەنێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی ھەرێمی كوردستاندا هەیە.

پرۆژەیاسای بودجە لە مانگی شەش ئەمساڵ بە فەرمی پەسەند کرا، بەڵام جێبەجێکردنەکەی لە مانگی یەکەوە دەبێت، بۆیە ئێستا کۆمەڵێك پاکتاوی دارایی سەبارەت بە ژمارەی مووچەخۆران و چەند داتا و زانیاری دیکە لەنێوان هەرێم و بەغدا هەیە کە پێویستە لەماوەی دوو هەفتەدا یەکلا بکرێنەوە و، دواتر بڕیار لەسەر چۆنێتی ناردنی بودجەی شەش مانگی رابردوو دەدرێت.

بە گوێرەی زانیارییەکان، بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئەمڕۆ بڕیار لەسەر پرسی ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەدرێت.

رۆژی 27ـی تەمووزی 2023، ئومێد سەباح، سەرۆکی شاندی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، کۆنووسێکی هاوبەش لە نێوانیان واژۆ کراوە و رێککەوتوون لەسەر ناردنی کۆی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.

ژێدەر

کوردستان24

ھەواڵی زیاتر