لە پەراوێزی مردن یان كوژرانەكەی محەمەد بامەندی، یاسا چی دەڵێ؟

پارێزەر: دیار عەزیز

لە شەوی رابردووەوە مشتومڕێكی زۆر دروست بووە لەسەر ئەوەی محەمەد بامەندی، هونەرمەندی میللی (من تا شەوی رابردوو یەكجار ناویم بیستبوو) كوژراوە یان لەنێو شەڕدا بە جەڵتەی دڵ گیانی لەدەست داوە؟ چونكە خەڵكێك پێیوایە كە ئەگەر بە جەڵتە گیانی لەدەست دابێت، ئەوانەی لە شەڕەكەدا بەشدارن بەرپرسیارێتیی تاوانكارییان ناكەوێتە ئەستۆ.

بۆ ئەوەی كارێك ببێتە تاوانێكی تەواو لە ڕووی یاساییەوە، پێویستە سێ ڕوكنی سەرەكی تێدا ئامادە بن كە ئەوانیش (فعل (كردار)، ئەنجام و پەیوەندیی هۆكاری)یە. واتە كەسێك كارێك بكات، كارەكە ئەنجامێكی لێ بكەوێتەوە، ئەو ئەنجامەش بەهۆی ئەو كارەوە كەوتبێتەوە كە كەسەكە كردوویەتی.

لە دۆسیەی بامەندی:
كارێك كراوە كە بریتییە لە شەڕەكە، ئەنجامێكیشمان هەیە كە بریتییە لە گیان لەدەستدانی محەمەد بامەندی، كەواتە پرسیار لەسەر ڕوكنی سێیەمە كە بریتییە لە پەیوەندیی هۆكاری، ئایا بەهۆی شەڕەكە مردووە یان بەهۆكارێكی دیكە؟
بۆ بەدبەختیی بامەندی، ئەم شێوازی مردنە لە یاسای سزادانی عێراقی و لە زانستی یاساشدا بە ئاسانی یەكلا نەكراوەتەوە و كۆمەڵێك بیردۆزی جۆراوجۆر هەیە، چونكە ئەگەر كەسەكە لەنێو شەڕدا بە چەقۆیەك یان بە فیشەكێك بكوژرێت ئەوە ئاسانە و زوو یەكلا دەكرێتەوە، بەڵام ئەگەر هۆكارێكی دیكە بێتە ناوەوە بۆ مردنی، ئەوا یەكلاكردنەوەی قورسە.

یاسای سزادانی عێراقی لە ماددە (٢٩)دا ئەم بابەتەی یەكلا كردۆتەوە، هەروەك لە بڕگەی یەكەمدا: هیچ كەسێك لەسەر تاوانێك سزا نادرێت كە بەهۆی كارەكەی خۆیەوە دروست نەبووبێت، بەڵام ئەگەر لەگەڵ كارەكەیدا هۆكارێكی دیكەش هاتبێتە ناوەوە (تەنانەت ئەگەر تاوانبار بە هۆكارەكەشی نەزانیبێت)، ئەوا لە تاوانەكەی بەرپرسیار دەبێت. هەڵبەت بڕگەی دووەمیش ئەوەی ڕوون كردۆتەوە كە ئەگەر هۆكارە تازەكە بە تەنیا بەس بوو بۆ دروستبوونی ئەو ئەنجامە تاوانكارییە، ئەوا ئەو كەسەی كە كارەكەی كردووە تەنیا لە كردارەكەی خۆی بەرپرسیار دەبێت نەك لە تاوانەكە. لێرەدا پرسیارەكان ئەمانەن:

  • ئایا ئەو جەڵتەی دڵەی كە تووشی محەمەد بامەندی بووە، وەك ئەنجامێكی شەڕەكە لەقەڵەم دەدرێت بەپێی بڕگەی یەكەمی ئەو ماددەیە؟ ئەگەر وای دابنێین كە ئەو جەڵتەیە لە ئەنجامی شەڕەكە دروست بووە، ئەوا كەسانی بەرامبەر بەرپرسیار دەبن لە تاوانی كوشتن بەپێی بڕگەی یەكەمی ماددە ٢٩.
  • ئایا ئەو جەڵتەی دڵەی كە تووشی بامەندی بووە، خۆی بە تەنیا وەك هۆكارێك بەسە بۆ مردنی كەسەكە؟ ئەگەر وای دابنێین كە مرۆڤ لەم سەردەمەدا هەموو كاتێك لەژێر هەڕەشەی ئەوەدان كە جەڵتە لێیان بدات و ئەو كەسانەی كە لە شەڕەكەدا بەشدار بوون هیچ نیازێكیان نەبووە كە كەسێك بكوژن، بەڵكوو شەڕێكی بچووك ڕووی داوە و لە ئەنجامدا بامەندی تووڕە بووە و جەڵتە لێی داوە، جەڵتەش بە تەنیا بەسە بۆ ئەوەی كەسێك گیان لەدەست بدات، لەم حاڵەتەدا بەپێی بڕگەی دووەمی هەمان ماددە، ئەوانەی لە شەڕەكە بەشدار بوون بەرپرسیار نابن.
    ئەنجام:

لێرەدا بابەتەكە بۆ بڕیاری كۆتایی دادگا و راپۆرتی پزیشكی دادوەری جێدەهێڵین كە قسەی كۆتایی لەبارەوە بكەن. بەڵام بە بڕوای من وەكوو پارێزەرێك (هەرچەند ئەزموونێكی كەمم لە بوارەكەدا هەیە):
جەڵتەی دڵ بە تەنیا كافیە بۆ ئەوەی ببێتە هۆی مردنی كەسێك، جا هۆكاری جەڵتەكە هەرچیەك بێت، بۆیە ئەگەر فعلەن بامەندی بە جەڵتەی دڵ گیانی لەدەست دابێت، ئەوا تاوانی كوشتن دروست نەبووە، بەڵكوو تاوانی دیكەی وەك شەڕكردن و ..هتد دروست بووە.

ھەواڵی زیاتر