پەیامی مەسرور بارزانی بەبۆنەی ساڵیادی جینۆسایدکردنی بارزانییەکان

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە 31ی تەمووزی 2023، لە ساڵیادی جینۆسایدکردنی بارزانییەکان پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند، ئەم تاوانە گەورەیە، بەشێک بوو لە شاڵاوێکی رەگەزپەرستانەی رژێمی لەناوچووی بەعس دژ بە گەلی کوردستان.

لە پەیامەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، ئەمڕۆ چل ساڵ بەسەر یەکێک لە دڕندانەترین تاوانەکانی ڕژێمی پێشووی عێراق تێدەپەڕێت کە جینۆسایدکردنی هەزاران مرۆڤی بێتاوانی بارزانی بوو، تەنیا لەبەر ئەوەی کورد و بارزانی بوون، دەستگیرکران و دواتر لە بیابانەکانی عێراق زیندەبەچاڵ کران.

وەک مەسرور بارزانی لە پەیامەکەیدا ئاماژەی پێداوە، ئەم تاوانە گەورەیە، بەشێک بوو لە شاڵاوێکی رەگەزپەرستانەی ڕژێمی لەناوچووی بەعس دژ بە گەلی کوردستان، کە بێسەروشوێنکردن و جینۆسایدکردنی کوردی فەیلی و ئەنفالکردنی ناوچەکانی بارزان و گەرمیان و بادینان و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و چەندین دەڤەری دیکەی کوردستان، زنجیرەیەک بوو لەو تاوانە هۆڤانەی لە دژی خەڵکی کوردستان ئەنجام دران.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، جێگەی داخە لە دوای تێپەڕبوونی چل ساڵ بەسەر ئەم کارەساتەدا، کەچی هێشتاش کەسانێک هەن بەهەمان عەقڵییەت و هزری شۆڤێنی و سەردەمی ئەنفالەوە، دەیانەوێ مافە رەوا و دەستوورییەکانی گەلی کوردستان پێشێل و زەوت بکەن. لە کاتێکدا خەڵکی کوردستان، بە هەزاران قوربانی داوە و رووبەڕووی چەندین تاوان و کارەساتی گەورە بووەتەوە لە پێناو بەرگریکردن لە ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتمانی خۆی کە هەرگیز دەستبەرداری نابێت.

مەسرور بارزانی گوتیشی: دەڤەری بارزان یەکێکە لەو ناوچانەی کوردستان، کە لە سەدەی رابردوودا، بە دەیان جار دووچاری وێرانکاری و کۆمەڵکوژی و جێنۆساید بووەتەوە، بەڵام ئەو هەموو زوڵم و ستەم و تاوانانە، نەیتوانیوە ئیرادەی نەتەوەیی و گیانی خۆڕاگری و بەرگری لەم دەڤەرە لەناو ببات و هەمیشە دژی زوڵم و ستەم ڕاپەڕیون و بە هۆی خۆڕاگری و قوربانیدان و خوێنی پاکی شەهیدەکانمان، ئەم قەوارە دەستوورییەی ئێستای هەرێمی کوردستان بەرهەم هاتووە و پێویستە بە هەموو شێوەیەک، داکۆکی لێ بکەین و زیاتر گەشەی پێ بدەین.

لە ساڵیادی کارەساتی جینۆسایدکردنی بارزانییەکان سەرۆکی حکومەتی هەرێم دەڵێت: خواست و داوای هەرێمی کوردستان بۆ قەرەبووکردنەوەی شایستەی ماددی و مەعنەوی بنەماڵە و کەسوکاری ئەنفالکراوان و خەڵکی ستەملێکراوی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بەپێی دەستوور، دووپات دەکەینەوە. پێویستە هەموومان کار بۆ ڕیشەکێشکردنی هزری ئەنفال و دووبارەنەبوونەوەی ئەم تاوانانە بکەین.

سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە پەیامەکەیدا رایدەگەیەنێت، لە ساڵڤەگەڕی جینۆسایدکردنی بارزانییەکان سەری ڕێز بۆ بارزانییە ئەنفالکراوەکان و سەرجەم شەهیدانی کوردستان دادەنوێنین و هەمیشە بە ڕێز و شکۆوە یادیان دەکەینەوە. هەروەها رێز و پێزانینم بۆ کەسوکار و بنەماڵەی سەربەرزی ئەنفالکراوان هەیە کە ڕووبەڕووی ڕۆژگارێکی زۆر سەخت بوونەوە بەڵام توانیان سەربەرزانە منداڵ و نەوەکانیان پێ بگەیەنن . سوپاسی جوامێریی و بەهاناوەچوونی خەڵکی قارەمان و نیشتمانپەروەری هەولێر و دەوربەری و ناوچەکانی دیکەی کوردستان دەکەم، کە لە کاتی ئەم کارەساتەدا، هاریکار و هاوسۆزی کەسوکاری ئەنفالکراوانی بارزانی بوون.

گوتیشی: سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدان و گشت ئەنفالکراوانی کوردستان و هەمیشە لە یادمانن.

ھەواڵی زیاتر