ماوەیەكە بەردەوام هێزە ئەمنییەكانی یەكێتی لەنێو خۆیاندا پێكدا دەدەن كە زۆرینەی پێكدادانەكان لە نێوان (ئاسایشی یەكێتی، دژەتیرۆری یەكێتی، هێزی كۆماندۆی یەكێتی)ن و بەم هۆیەشەوە جگە لەوەی ئارامیی لە دەڤەری سلێمانیدا نەماوە، تا ئێستا بەهۆی ئەم پێكدادانانەوە چەندان كەس كوژراون.
ناكۆكی و ململانێ لەنێوان ئەو دوو هێزەدا ئەمجارە لەسەر ئەوەی كە كامیان لە هەڵەبجە باڵادەستتر بن، بەم هۆیەوە كارمەندانی هەر یەكێك لەو هێزانە، حیساب بۆ هێزەكەی دیكە ناكات، لەم چوارچێوەیەشدا شەوی رابردوو كارمەندێكی دژەتیرۆری یەكێتی كاتێك دەچێتە نێو مەفرەزەیەكی ئاسایشی حزبەكەی، دەبێتە دەمەقاڵێیان و لە ئەنجامدا شەڕەتەقە دروست دەبێ.
هەر بە گوێرەی زانیارییەكان، لە ئەنجامی شەڕەتەقەكەدا، كارمەندێكی ئاسایشی یەكێتی بە ناوی (سۆران جەلال شاوەیس) كە ئامۆزای بەختیار شاوەیس، سەركردەی نزیك لە لاهوور جەنگییە، گیانی لەدەست داوە.
لەمبارەیەوە خەزووری كوژراوەكە رایگەیاند، مەفرەزەیەكی ئاسایش دەرچوونێكیان هەبووە و دواتر لە لایەن شۆفێری ماتۆڕسكیلێكەوە تەقەیان لێ كراوە، بەم هۆیەوە زاواكەیان فیشەكێكی بەركەوتووە و بە برینداری لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست داوە.
ئەوەشی ڕوون كردەوە كە كوژراوەكە دانیشتووی شارۆچكەی (سەیدسادق)ە و تەمەنی 32 ساڵە و باوكی دوو منداڵە.