پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی داواکاریی خۆپێشاندەرانی کفری رایگەیاند، مەسرور بارزانی رەزامەندی لەسەر ژمارەیەک پڕۆژە داوە کە لەنێویاندا چارەسەرکردنی کێشەی ئاوی خواردنەوەی قەزاکە و کێشەی تەندروستیی شارەکە هەیە. گوتیشی، پڕۆژەکان بەشێوەی کاش پارەیان بۆ خەرج دەکرێت.
بەگوتەی پێشەوا هەورامانی، ئەو پڕۆژانەی کە جێبەجێ دەکرێن ئەمانەن:
– دابینکردنی 300 ملیۆن دینار بۆ نۆژەنکردنەوەی 13 قوتابخانە لە کفری
– 296 ملیۆن دینار بۆ نۆژەنکردنەوەی یاریگە تەرخان دەکرێت
– 24 تیپی میلـلی تەواوی پێداویستییەکانیان بۆ دابین دەکرێت
– سێ ئەمبوڵانس پارەیان بۆ تەرخان کراوە و رەوانەی کفری دەکرێن
– 5 بیری ئاوی خواردنەوە لە شارەکەدا لێدەدرێن کە بۆ هەریەکێک لە بیرەکان 80 ملیۆن دینار تەرخانکراوە
– مۆڵەت بە ژمارەیەک پڕۆژە دەدرێت کە یەکێک لەوانە کارگەی گەچە
– چەند پڕۆژەیەکی وەبەرهێنان هەن و هەموو کارەکانیان بە خێرایی لە ئەنجوومەنی وەزیران جێبەجێ دەکرێن
ئەمە لەکاتێکدایە کە پێشتریش مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رەزامەندی دابوو لەسەر ئەوەی کە شارەوانیی کفری لە پلە دووەوە بکرێتە پلە یەک.