مەسرور بارزانی: لایەنە په‌یوه‌نداره‌كانی حکومەتی هەرێم ڕاده‌سپێرم، ئاسانكاری زیاتر بۆ پێشخستنی كه‌رتی پیشه‌سازی بکەن

ئەمڕۆ پێنجشەممە 6/22 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمێکی بەردی بناخەی کارگەی چیمەنتۆ و وێستگەی کارەبای دابین- لە بناری چیای سەفین لە پارێزگای هەولێر دانا .
سەرۆکی حکومەت لە گوتارێکدا دووپاتی کردەوە کە لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانی حکومەتی هەرێم ڕاده‌سپێرم، ئاسانكاری زیاتر بۆ پێشخستنی كه‌رتی پیشه‌سازی بکەن و هەر ئاستەنگ و لەمپەرێکیش هەبێت پێویستە لابدرێت .

ئەمەش دەقی گوتاری سەرۆکی حکومەتە:


بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
ئامادەبووانی بەڕێز:

سوپاسی ئامادەبوونی هەموو لایەکتان دەکەم و زۆر زۆر بەخێر بێن . بەخێرهاتنێکی تایبەتی د.چن کوانفۆ و شاندی یاوەری دەکەم بۆ کوردستان. زۆر زۆر بەخێر بێن.

بەختەوەرم ئەمڕۆ لێرە لەگەڵتان بەشدارم بۆ دانانی بەردی بناخەی پڕۆژەیەکی گرنگی دیکە لە هەرێمی کوردستان کە کارگەی چیمەنتۆی دابین-ە و بڕیارە ببێتە یەکێک لە کارگە گرنگەکانی هەرێمی کوردستان و ڕۆڵێکی دیاری دەبێت لە گەشەپێدانی پرۆسەی بیناسازی و بنیاتنانەوەی کوردستان .
دەستخۆشی لە کۆمپانیاکانی دابین و پاوەر چاینا دەکەم بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە و دروستکردنی کارگەکە. هیوادارم پڕۆژەکە وەک بەڵێندراوە بە کوالیتیەکی بەرز و لە ماوەی دیاریکراوی خۆیدا تەواو بکرێت و لە دروستکردنیشیدا، هەلومەرجەکانی سەلامەتی کرێکارەکان و هەروەها ژینگەپارێزی لە بەرچاو بگرن. 
بێگومان چ لە قۆناخەکانی دروستکردنی کارگەکە و چ لە کاتی دەستبەکاربوونیشیدا، سەدان هەلی کار دەڕەخسێنرێت کە پێویستە 75٪ی دەرفەتەکانی کار لە هەر پڕۆژە و پیشەیەکیش، بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بێت و ڕاهێنانیش بە کرێکاران و ئەندازیارانی کوردستان بکرێت بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی شارەزاییان لەم کارەدا. 
هیوادارین لە دروستکردنی ئەو کارگەیەدا، هەتا دەکرێ بابەتی ژینگەپارێزی و گەرمبوونی زەوی و سنووردارکردنی دەرچوونی گازە پیسەکان لە بەرچاو بگرن. 
حکومەتی هەرێمی كوردستان، لە چوارچێوەی کارنامەکەی لە بواری هەموجۆرکردنی ئابووریدا، بایەخێکی زۆر بە هەردوو کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵ دەدات. دەڤەرەکەمان کەرەستەی خاو و سەرەتایی زۆری هەیە کە دەکرێ ببێتە هەوێنی دروستکردنی زۆر کارگە و بووژانەوەی پیشەسازی و دابینکردنی پێداویستییەکانی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و تەنانەت هەناردەکردنیشی بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق و وڵاتانی ناوچەکەش . جێی خۆشحاڵیشە کە بیستم ئەم کارگەیەش، بە شێوەیەکی سەرەکی پشتی بە کەرەستە و ماددەی خاوی ناوخۆ بەستووە .

بەڕێزان:

ئەگەر سەیرێکی مارکێت و مۆڵەکانی کوردستان بکەین ، دەبینین زۆرینەی هەرە زۆری بەرهەم و کاڵاکانیان تا ئێستا هاوردەکراون . لە کاتێکدا دەتوانین بەشێکی زۆری ئەو بەرهەم و پێداویستییانە لە کوردستان دروست بکەین ، بەمەش هەم کەرتی پیشەسازیمان دەبووژێتەوە و هەم بێکاریش کەمتر دەبێت و پشتبەستن بە بەرهەمی دەرەوەش زۆر سنوودار دەبێت . لەم ڕووەوە، هەر هاریکاری و یارمەتییەک لە سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویست بێت ، ئامادەین بیکەین بۆ ئەوەی کەرتی پیشەسازیمان گەشەسەندنێکی باش بەخۆیەوە ببینێت. هه‌ر لێره‌شه‌وه‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانی حکومەتی هەرێم ڕاده‌سپێرم، ئاسانكاری زیاتر بۆ پێشخستنی كه‌رتی پیشه‌سازی بکەن و هەر ئاستەنگ و لەمپەرێکیش هەبێت پێویستە لابدرێت .

من جارێکی دیکە دەستخۆشی لە جێبەجێکارانی ئەم پڕۆژە گرنگە دەکەم و هیوادارم پڕۆژەی هاوشێوە، لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان ئەنجام بدرێن.

ھەواڵی زیاتر