سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازى له‌ شاندێكى باڵاى ‏UN‏ كرد

پاشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2023/6/21 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى ‏هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ شاندێكى باڵاى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان به‌ ‏سه‌رۆكايه‌تيى به‌ڕێز عه‌بدوڵڵا ئه‌لده‌رده‌رى، ياريده‌رده‌رى سكرتێرى گشتيى نه‌ته‌وه‌ ‏يه‌كگرتووه‌كان و به‌ڕێوه‌به‌رى هه‌رێميى ‏UNDP‏ بۆ وڵاتانى عه‌ره‌بى، كرد.‏

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا شانده‌كه‌ پوخته‌يه‌كيان ده‌رباره‌ى ئامانجى سه‌ردانيان بۆ عێراق و ‏هه‌رێمى كوردستان خسته‌ ڕوو كه‌ بۆ يارمه‌تيدانى عێراق و هه‌رێمى كوردستانه‌ له‌ ‏هه‌جۆركردنى سه‌رچاوه‌كانى داهات و به‌ ته‌نيا پشتنه‌به‌ستن به‌ نه‌وت. له‌مباره‌يه‌وه‌ ‏سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى دووپاتى كردوه‌ كه‌ داهاتووى عێراق و هه‌رێمى كوردستان ‏به‌ هه‌مەجۆركردنى ئابوورى و سه‌رچاوه‌كانى داهاته‌وه، به‌نده‌.‏

هه‌ردوولا ده‌رباره‌ى گۆڕانى كه‌شوهه‌وا بيروڕايان گۆڕييه‌وه‌ و هاوڕا بوون كه‌ ‏قه‌يرانێكى جددييه‌ و كاريگه‌رييه‌كى زۆرى له‌سه‌ر عێراق هه‌يه‌، بۆيه‌ ده‌بێ عێراق به‌ ‏پشتگيريى نێوده‌وڵه‌تى به‌ جددى ڕووبه‌ڕووى ئه‌و قه‌يرانه‌ ببێته‌وه‌. شانده‌كه دووپاتى ‏كرده‌وه‌ كه‌ هه‌م بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى كاريگه‌رييه‌كانى گۆڕانى كه‌شوهه‌وا و هه‌م بۆ ‏هه‌مه‌جۆركردنى سه‌رچاوه‌كانى داهات، يارمه‌تيى عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ده‌ن.‏

شانده‌كه‌ هه‌روه‌ها ئاماژه‌يان به‌ كۆبوونه‌وه‌يان له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنان له‌ ‏هه‌رێمى كوردستان كرد كه‌ تيايدا ئاماده‌يى و پشتگيريى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كانيان ‏ده‌ربڕيوه‌ بۆ يارمه‌تيدانى هه‌رێمى كوردستان له‌ پلانسازى و دانانى نه‌خشه‌ڕێگه‌ بۆ ‏چۆنيه‌تيى ڕاكێشانى وه‌به‌رهێنانى بيانى بۆ هه‌رێمى كوردستان و ڕه‌خساندنى ‏ده‌رفه‌تى كار بۆ گه‌نجان.‏

لاى خۆيه‌وه‌ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، وێڕاى پێشوازى له‌ بيروبۆچوون و پلانى ‏به‌ڕێز ئه‌لده‌رده‌رى و ‏UNPD، هيواى سه‌ركه‌وتنى له‌ ئه‌ركه‌كه‌يدا بۆ خواست و ‏هه‌وڵه‌كانى بۆ يارمه‌تيدانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان، به‌رز نرخاند.‏

ھەواڵی زیاتر