سەرۆك بارزانی پێشوازیی لە ژمارەیەك هونەرمەندانی كوردستان دەكات

ڕۆژی پێنجشەممە 8ی حوزەیرانی 2023 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە ژمارەیەك لە هونەرمەندانی كوردستان كرد.

لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی گەرمی میوانەكان، پێزانینی بۆ ڕۆڵی هونەرمەندانی كوردستان لە مێژوو و گەشەی كولتوور و هۆشیاریی گەلی كوردستان هەبوو و جەختی لەوە كردەوە كە ئەو ڕۆڵەی هونەرمەندێك بۆ ناساندنی گەلەكەی دەگێڕێت دەكرێ زۆر لە ڕۆڵ و كاریگەریی سیاسییەكان لە ناساندنی دۆزی گەلی كوردستان زیاتر بێت. هەروەها سەرۆك بارزانی ئەوەشی بۆ میوانان خستەڕوو كە پێویستە هونەر لە خزمەتی دۆزی ڕەوای گەلی كوردستاندا بێت و ببێتە هۆی قووڵبوونەوەی خۆشەویستیی نیشتیمان و پێكەوەژیان و مرۆڤدۆستی.

لە بەشێكی تری ئەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی هاوسۆزیی خۆی لەگەڵ كێشە و داواكاریی هونەرمەندانی ئازیزی كوردستان نیشاندا و ڕاشیگەیاند كە بە هەموو توانایەك پشتیوانی داواكاریی هونەرمەندانە و خوازیاری ئەوەیە هونەرمەندان بتوانن بە ئاسوودەیی و بێ گرفت خزمەتی پێشخستنی فەرهەنگ و هونەری كوردستان بكەن.
لە بەشێكی تری قسەكانیدا سەرۆك بارزانی لەبارەی بارودۆخی سیاسی بەرچاوڕوونیی پێویستی بۆ ئامادەبووان خستەڕوو.

هەر لەم دیدارەدا بەشێك لە میوانان ڕا و بۆچوون و پێشنیاری خۆیان لەبارەی كێشە و گیروگرفتەكانی هونەرمەندان و داواكارییەكانیان بۆ سەرۆك بارزانی باس كرد.

ھەواڵی زیاتر