ئاسایشی هەولێر: چەند تەقەکەرێکی تیکتۆک دەستگیرکران

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر لە راگەیەندراوێكدا بڵاوی كردەوە كە دەستگیرکردنی تەقەكەرەكانی تیكتۆك و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەردەوامە.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە: “ئەو کەسانەی کە دەبنە هۆی بێزارکردنی هاونیشتمانیان و دیاردەی تەقەکردن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو دەکەنەوە و سەرپێچی یاسا دەکەن، لەلایەن تیمەكانمان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر دەستگیر دەکرێن.”

هەروەها دەڵێ: “لە چوارچێوەی ئەم هەڵمەتەدا، لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، كەسێكمان دەستگیر كرد كە لە دەوروبەری شاری هەولێر تەقەی كردبوو، پاشان تۆماری ڤیدیۆیی ساتی تەقەكردنەكەی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (تیكتۆك) بڵاو كردبووەوە، رێکاری یاسایی بەرامبەر گیرایەبەر و درایە دادگا.”

ئاسایشی هەولێر دووپاتی كردووەتەوە كە فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکەن لەسەر هەر کەسێک كە چەکی بێ مۆڵەتی لەلا بێت و تەقە بکات و گرتە ڤیدیۆییەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بکاتەوە، لەلایەن هێزەکانیانەوە دەستگیر دەکرێ جا لە هەر ئاست و پۆستێکدا بێت.

ھەواڵی زیاتر