په‌يامێکی پیرۆزبایی لە سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە

نێچيرڤان بارزانى له‌ ساڵيادى دامه‌زراندنى يه‌كێتيى مامۆستايانى كوردستاندا پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە.

دەقی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێم:
ساڵيادى شه‌ست و يه‌كه‌مينى دامه‌زراندنى يه‌كێتيى مامۆستايانى كوردستان، له‌ مه‌كته‌بى سكرتاريه‌تيى يه‌كێتيى مامۆستايان و ته‌واوى مامۆستايانى خۆشه‌ويستى كوردستان پيرۆز ده‌كه‌م، هيواى سه‌ركه‌وتنيان بۆ ده‌خوازم.

له‌م ياده‌دا به‌ ڕێز و پێزانينه‌وه‌ له‌ خه‌بات و ئه‌ركى پيرۆزى مامۆستايان بۆ پێگه‌ياندنى نه‌وه‌كان ده‌ڕوانين و قوربانيدان و هه‌وڵ و كۆششى په‌روه‌رده‌يى و مامۆستايه‌تييان له‌ سه‌رده‌مى شاخ و له‌ ئازاديشدا، به‌ به‌رزى ده‌نرخێنين.

مامۆستايان پێشه‌نگ و كۆڵه‌كه‌يه‌كى سه‌ره‌كيى پێگه‌ياندنى نه‌وه‌كان و پرۆسه‌ى په‌روه‌رده‌ و فێركردنن. كاريگه‌ريى ڕاسته‌وخۆيان له‌سه‌ر بنياتنان و پێشخستنى ئاستى كه‌سايه‌تيى قوتابيان هه‌يه‌، بۆيه‌ ئه‌ركێكى گرنگ و پيرۆز جێبه‌جێ ده‌كه‌ن و مايه‌ى هه‌موو ڕێز و ده‌ستخۆشييه‌كن.
له‌م ياده‌دا جه‌خت له‌ پشتيوانيمان بۆ هه‌موو ماف و داوا ڕه‌واكانى مامۆستايان ده‌كه‌ينه‌وه و هه‌ڵوێستى ئه‌و مامۆستا دڵسۆزانه‌ى كوردستان به‌ ڕێزه‌وه‌ به‌ بير ده‌هێنينه‌وه‌ كه‌ له‌ هيچ دۆخێكى سه‌خت و نه‌خوازراودا نه‌يانهێشت پرۆسه‌ى په‌روه‌رده‌ و فێركردن په‌كى بكه‌وێت.

سڵاو له‌ يادى ئه‌و مامۆستايانه‌ى له‌پێناو ئازاديى گه‌ل و وڵاته‌كه‌ياندا، گيانيان به‌خشى.
پيرۆز بێت يادى دامه‌زراندنى يه‌كێتيى مامۆستايانى كوردستان.

نێچيرڤان بارزانى
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان
2023/5/15

ھەواڵی زیاتر