عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی کوڕەکەیدا قسەی کرد و رایگەیاند، کوڕەکەی نیڤشکان بووە، بۆیە ئەوەیان قۆستووەتەوە و کوشتوویانە. گوتیشی، “جگە لەو کەسانەی کە دیاریکراون و تاوانەکەیان کردووە، کێشەمان لەگەڵ کەس نییە”.
عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک رایگەیاند، “لەبەرئەوەی کوڕەکەم چەند ساڵێک لەمەوبەر لە رووداوێکی هاتووچۆدا کەمئەندام بوو، زۆر خۆشەویست و تایبەت بوو لامان، هیچ پەیوەندییەکیشی بە ململانێی دوژمنداری و سیاسییەوە نەبووە، توانای چەکداریشی نەبووە، مەگەر بۆ خۆشی وێنەی بە چەکەوە گرتبێت.”
عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک پێیوایە ئەو کارەی بەرامبەر کوڕەکەی کراوە “کارێکی نامرۆڤانە و نامەردییە، ئێمە گەنجێکی زۆرمان هەیە، کوڕ و برام هەیە، کەچی لەو کەمئەندامە ئاڵان، سەرەڕای ئەوەی کە گەنجێکی تایبەت و خۆشەویست بوو لامان، لە سەرووی هەر رووداوێکەوە بەسەرمان بێت، سوپاسی خوای گەورە دەکەین و پەیوەستین بەو رێسایانەی کە شەریعەتی ئیسلام بۆمانی داناوە.”
عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک داوایەکی ئاراستەی کەسوکاری کرد و گوتی، “داوا لە هەموو خەڵکی خۆمان، ئەندام و لایەنگر، پشتیوان و کەسوکارمان دەکەم، بۆ ئەمڕۆی کوردستان نامانەوێ بەهۆی ئێمەوە دۆخی سیاسی کە خۆی نالەبارە، تێکبچێت، دەبێت ئارامیی هەرێمی کوردستان و شاری خۆشەویستی چەمچەماڵ کە ئێستا نیوەی خەڵکەکەی لێرە کۆبووەتەوە، لە سەرووی رووحی منیشەوە بێت.”
ئەو لەسەر بابەتە زیاتر قسەی کرد و گوتیشی، “داوا لە خەڵکی ئێمە، ئەندام و لایەنگر و پشتیوانانمان دەکەم، جگە لەو چەند کەسەی کە دیاریکراون و شاراوەنین، دەست بۆ هیچ هێز و کەس و لایەنێک نەبرێت لە چەمچەماڵ و ناوچەکانی دیکەی کوردستان، رەچاوی ئەم دۆخەی ئێستای هەرێمی کوردستان دەکەین و دەمانەوێ ئارامیی شارەکەمان و هەرێمی کوردستان بپارێزین، بەهۆی ئێمەوە هیچ رووداوێکی نەخوازراو روونەدا، جگە لەو کەسە دیاریکراوانە ئێمە هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ کەسی دیکەدا نییە.”