مەسرور بارزانی بەدواداچوون بۆ چارەنووسی منداڵێک دەکات

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەدواداچوونى بۆ چارەنووسى ئەو منداڵە کرد کە ماوەى چەند ڕۆژێکە بێسەروشوێنە

لە پێناو بە دواداچوونى زیاتر و چڕکردنەوەى هەوڵەکانى گەڕان بەدواى دۆزینەوەى منداڵە وونبوەكەی گەڕەكی قەرەبووی ناحیەی كەسنەزان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندیی بە ئومێد خۆشناو، پاڕیزگاری هەولێر کرد و پارێزگارى هەولێرى ڕاسپارد هەرچى پێویست بێت بۆ دۆزینەوەى ئەو منداڵە ئەنجامی بدەن.

لەوبارەیەشەوە، پارێزگارى هەولێر، پوختەیەکى لە بارەى هەوڵەکانى گەڕان و بەدواداچوونەکان بۆ دۆزینەوەى ئەو منداڵە، پێشکەش بە جەنابى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستانى کرد و دڵنیایی کردەوە کە هەموو هەوڵێک خراوەتەگەڕ بۆ دۆزینەوەى ئەو منداڵە و هەڵمەتى گەڕانى تیمەکانى (بەرگرى شارستانى، ئاسایش، یەکەىK9ى وەزارەتى پێشمەرگە، تیمەکانى فڕۆکەوانى، پۆلیسى ناوچەکە) بەدوایدا بەردەوامە.

هەر ئەمڕۆش پارێزگارى هەولێر، پێشوازی لە خانەوادەى منداڵەکە کرد و نووسینگەى ڕێزدار سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستانیش پەیوەندیان بە بنەماڵەى منداڵەکە کرد، پشتیوانى جەنابى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستانیان پێڕاگەیاندن و جەختیان لەوە کردەوە کە هەرچى پێویست بێت دەکرێت بۆ هاریکاری و یارمەتیدانیان لە پێناو دۆزینەوەى ئەو منداڵە.

جێگەى باسە، ئەیوب ئەحمەد سەعدوڵڵا، ئەو منداڵە تەمەن 13 ساڵەیە، کە ماوەى (7) ڕۆژە لە ماڵ چۆتە دەر و تاکو ئێستا شوێن بزر و بێ سەروشوێنە، هەر لە یەکەم ڕۆژى ونبوونەکەشی پارێزگارى هەولێر لەگەڵ کەس و کار و بنەمالەکەی لەسەر هێل بووە و تەواوى تیمەکانى ڕاسپاردەوە بەشە و ڕۆژ هەڵمەتێکى فراوانى گەڕان بۆ دۆزینەوەى ئەو منداڵە ئەنجامبدن، ڕۆژى شەممەش 2023.1.28، پارێزگارى هەولێر ڕاستەوخۆ سەردانى بنەماڵەکەى کرد لەو شوێنەى کە دوجار ئەو منداڵەى لێبینراوە، لە ئێستاشدا لە نزیکەوە بەدواداچوون و چاودێرى وردى پڕۆسەى گەڕان بەدواى دۆزینەوەى ئەو منداڵە دەکات.

ھەواڵی زیاتر