لە زۆربەی ناوچە شاخاوییەکان بەفر دەبارێت

بەشی پێشبینی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، کەشوهەوای پێشبینیکراوى 48 کاژێرى داهاتووی بڵاوکردەوە و پێشبینی دەکات ئەمڕۆ یەکشەممە بەفر لە زۆربەی ناوچە شاخاوییەکان ببارێت.

بەگوێرەی بەشی پێشبینی، ئەمڕۆ یەکشەممە 08-01-2023 بە درێژایى کاتەکان ئاسمان هەور دەبێت، لەگەڵ دروستبوونى تەم لە هەندێک ناوچە، بارانبارین لەسەر ناوچە جیاجیاکان بە شێوەى نمە باران بەردەوام دەبێت، لە سنوورى پارێزگاى هەولێر و سلێمانى و هەڵەبجە ئاستى بارانبارین زیاترە.

هەر بەپێی بەشی پێشبینی، لە ئەنجامى هاتنى بارستە هەوایەکى سارد شەپۆلێکى بەفربارین زۆربەى ناوچە شاخاوییەکان دەگرێتەوە تاوەکو کاتەکانى شەو درەنگ بەفر بارینى پچڕپچڕ بەردەوام دەبێت.

خێرایی با لە سەرخۆ و مامناوەند دەبێت و لەنێوان 10 بۆ 20 کیلۆمەتر دەبێت لە کاژێرێکدا. پلەکانی گەرماش یەک تاوەکو دوو پلە نزم دەبنەوە. هەروەها مەودای بینین لەنێوان 6 بۆ 8 کیلۆمەتر دەبێت، بەڵام لە کاتى دروستبوونى تەم بۆ کەمتر لە دوو کیلۆمەتر دەبێت.

سەبارەت بە کەشوهەوای رۆژی دووشەممە 09-01-2023 بەشی پێشبینی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، پێشبینیی کردووە، ئاسمان هەور دەبێت هەندێک کات بۆ نیمچە هەور دەگۆڕێت، لە سنوورى پارێزگاى هەولێر و دهۆک ئەگەرى نمەباران دەبێت، لەگەڵ بەفربارین لە بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکان. لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى و هەڵەبجە ئاستى باران بارین زیاترە. لە ئێوارەى رۆژى دووشەممەش کاریگەریى ئەم شەپۆلە کۆتایى دێت.

هاوکات پێشبینیی ئەوەش کراوە کە رۆژی دووشەممە پلەی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ یەکشەممە زیاتر داببەزێت. خێرایى با لەسەرخۆ و مامناوەند و لەنێوان 10 بۆ 15 کیلۆمەتر دەبێت لە کاژێرێکدا. مەوداى بینینیش لەنێوان 7 بۆ 9 کیلۆمەتر دەبێت.

ھەواڵی زیاتر