ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 8ی دیسەمبەر، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و لۆرد تاریق ئەحمەد وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باشووری ئاسیا و نەتەوە یەکگرتووەکان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا .
هەردوولا هاوڕابوون لە سەر گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بە بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و شانشینی یەکگرتوو کرد بەتایبەتی لە بوارەکانی هاوکاریی ئەمنی و پەروەردە و بازرگانی و وەبەرهێنان. لەمبارەیەوە، سەرۆکی حکومەت ستایشی هاوکارییە تەکنیکیەکانی بەریتانیای کرد بۆ بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و چاکسازیکردن لە بواری باجدا.
سەرۆکی حکومەت هەروەها باسی لە هەناردەکردنی بەربوومە کشتوکاڵییەکانی هەڵەبجە و زاخۆ بۆ ئیمارات و کەنداو کرد. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی بەریتانیا دەتوانێت پاڵپشتی حکومەتی هەرێم بکات لە بواری دابینکردنی خۆراکی جیهانی و وەبەرهێنان لە بواری بانکیدا.
ھەواڵی ڕابردوو
ھەواڵی داھاتوو
ھەواڵی زیاتر