پسپۆڕانی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختیان کردەوە لەسەر بوونی بەڵگە کە ڕێکخراوی تیرۆریستیی “داعش” چەکی کیمیاییان بەکارهێناوە لەو ناوچانەی کە لەژێر کۆنتڕۆڵیان بوو لە عێراق.
ڕاپۆرتی تیمی لێکۆڵینەوەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پتەوکردنی لێپێچینەوە لە تاوانە ئەنجامدراوەکان لەلایەن داعشەوە باسی لە کۆکردنەوەی بەڵگە دیکۆمێنتاری و دیجیتاڵی و شایەتی شایەتحاڵەکان کرد کە پەیوەستن بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە عێراق لەنێوان ساڵانی 2014 – 2019.
پسپۆڕان لە ڕاپۆرتەکەیان گەیشتنە دەرئەنجامی ئەوەی کە “داعش” دەستیکردووە بە دروستکردن و بەرهەمهێنانی مووشەک و گوللــە هاوەنی کیمیایی و تەقەمەنی کیمیایی بۆ بۆمبە مووشەکی و کڵاوە جەنگییە کیمیایی و ئامێرە تەقەمەنییە کیمیاییە دروستکراوە دەستییەکان.
هەروەها ڕاپۆرتەکە ئاماژەی کرد بە تێگەیشتنی زیاتر بۆ ئەو شوێنانەی کە گومان دەکرێت چالاکی دروستکردنی چەک و بەرهەمهێنان و بەکارهێنانیان لەسەرتاسەری عێراق بەخۆیانەوە بینیوە.
لە ڕاپۆرتەکە هاتووە پشکنین بۆ بەڵگە پەیوەستەکان کراوە بە پێدانی قەرەبوو بە کەسوکاری خانەوادەی ئەو چەکدارانەی “داعش” لەلایەن خودی داعشەوە کە لەکاتی بڵاوکردنەوەی چەکی کیمیایی کوژراون، هەروەها داتاکانی پەیوەست بە مەشق و ڕاهینان کە “داعش” دابینی دەکرد بۆ بەکرێگیراوەکان لەسەر بەکارهێنانی کەرەستەی کیمیایی وەک چەک لەنێوانیاندا ئامێری بڵاوکردنەوەی کەرەستەی کیمیایی.
Kurdistan CT