نێچیرڤان بارزانی گەیشتە بەغدا

جارێکی دیکە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تەواوکردنی سەردانەکەی پێشووی، چووەوە بۆ بەغدا و لەگەڵ بەرپرسانی عێراق کۆدەبێتەوە.

بەگوێرەی راگەیەنراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە، 27-11-2022، بۆ تەواوکردنی دیدار و کۆبوونەوەکانی سەردانی پێشووی کە بەهۆی تەقینەوەکەی دهۆک نەیتوانی تەواوی بکات و گەڕایەوە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە دەچێتەوە بەغدا و سەردان و کۆبوونەوەکانی درێژە پێدەدات.

رۆژی سێشەممە، 22-11-2022، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ و به‌رپرسانى عێراق دۆخى وڵات و په‌يوه‌ندى و كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆ و هه‌وڵه‌كانى چاره‌سه‌ركردنيانی تاوتوێ کرد.

وەک لە راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەرنامەی سەردانەکەی بۆ بەغدا تەواو بکات و “له‌گه‌ڵ ژماره‌يه‌كى ديكه‌ له‌ سه‌ركرده‌ و به‌رپرسانى باڵاى عێراق ديدار و كۆبوونه‌وه‌ ئه‌نجام بدات.”

ھەواڵی زیاتر