گرێی رێككەوتنی هەولێر و بەغدا

دانوستانە چڕوپڕەكانی دوای نیسانی ئەمساڵ رێككەوتنی دەست و دەمی هەرێم و بەغدایان لێ نەكەوتەوە، سەرباری ئەوەی لەمپەری زۆر گەورەیان تێپەڕاند؛ گرێی رادەستكردنی نەوت بەنمونە، هۆكاری ئەمەش زیاتر بۆ نەبوونی زەمینەی سیاسی و ئابووری و شڵۆقیی هاوكێشەی هێز دەگەڕێتەوە لەناوەند. بەغدا كە خۆی تازە بەسەختی بەرخورد لەگەڵ بارگرانییەكانی كۆرۆنا دەكات، هیچ ناچار نییە ببێتە فریادڕەستی هەرێم و وەك دەڵێن “كوڕی خۆی بەقوربانی كچی خەڵك بكات”، لە ئێستادا خەمی حكومەتی بەغدا دابینكردنی رێكوپێكی موچەیە لە وادەی خۆیدا كە وەك یەكەم پێشینە دواكەوتنی مانگانەی نزیك دەبێتەوە لە 7_ 10 رۆژ لە كۆی وەزارەت و دەزگاكان.


لەلایەكیتر كێشەی گەورەی سەرۆك وەزیران میلیشیا چەكدارەكانە كە لەبەرچاوی دنیا وێنەی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانیان ژێر پۆستاڵەكانیان نا، هیچ شتێكیش لەگەڵ ئەمانەدا ناكرێت ئەگەر هاوتاكەی بەزیادەوە بەرامبەر هەرێمی كوردستان نەكرێت، لە ئێستادا “ملكەچكردنی هەرێم” مەرج و تاقیكردنەوەی راستەقینەیە بۆ هەر سەرۆك وەزیرانێك كە بیەوێت لە ناوەڕاست و باشوور هەنگاوێك بنێت بەپێچەوانەی سەردەمی عەبدولمەهدی كە “حەوت دەرمانە” یەكی لەكورد و میلیشیاكان و هێزە كاریگەرەكان دروستكردبوو بۆ ئەوەی هیچ گوێ بە بۆڵەو ناڕەزایەتی شەقام نەدات و ئەوەبوو راپەڕینی تشرینی بەدواداهات (2019).

گرێی رێككەوتن بەغدا كە زۆر ئاڵۆز بووە، روویەكی مەسەلەكەیە، رووەكەیتری پەیوەندی بە بەرنامەو بژاردەی ناوخۆی هەرێم خۆیەوە هەیە ئاخۆ لەلایەك چی ئەكات بۆ كاركردنە سەر ئەو هاوكێشەیە لەلایەك و كردنەوەی گرێ كوێرەكان، لەلاكەیتر چۆن رێگە لە داڕمانی تەواوەتی بارودۆخ دەگرێت كە هیلاك و شەكەتە بەدەست لێكەوتەی كەڵەكەبوونی قەیرانەكانەوە هەر لە شوباتی 2014 تا جەژنی قوربانی ئەمساڵ.

ھەواڵی زیاتر